کوردەکانی ئوستانی قەزوێن بەرەوڕووی گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان بوونەوە

16:33 - 13 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: بڵاو بوونەوەی بەرنامەیەکی دیکۆمێنتاری سەبارەت بە دوور خرانەوەی کوردەکان لە کوردستانەوە بۆ قەزوێن، فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی بۆ سەر کوردانی دانیشتووی ئەو ئوستانەی لێ کەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی بەرنامەیەکی دیکیۆمێنتاری بەناوی \"کوردێن کۆچبەر\" لە تەلەفزیۆنی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامنیی ئێرانەوە سەبارەت بە راگواستنی عێڵە کوردەکان لە کوردستانەوە بۆ قەزوێن، کوردەکانی نیشتەجێی ئوستانی قەزوێن بەرەوڕووی گوشاری هێزە ئیلاعاتییەکان بوونەوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئوستانی قەزوێن جێگیر کراون و جموجۆلی هاووڵاتییانی کوردیان خستۆتە ژێر چاوەدێری و لە هەندێک حاڵەتدا کارتی پێناس لە رێبواران و هاووڵاتییان وەردەگرن.

کوردەکانی ئوستانی قەزوێن لە عێڵەکانی \" باجەڵان، شێخ کانلوو، ساکان، بەڵەخکانلوو، شکاک، چگینی، جەلیلوەند، رەشوەند، غیاسوەند، کاکاوەند، کرمانی و مافی\" پێکهاتوون کە بەپێی سەرچاوکان لەسەردەمی دەسەڵاتداریەتی شاعەباسی سەفەوی و دواتریش بە بڕیاری رەزاخان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ شۆرشی ئارارات بۆ ئەو شوێنانە گوازراونەتەوە.

شۆڕشی ئارارات ساڵی ١٩٢٧ بەڕێبەرایەتی ئێحسان نووری پاشا لە کوردستانی باکوور بەدژی حکوومەتی ئاتاتورک و لە چیای ئارارات دروست بوو.

هەتا ئێستا لیكۆڵینەوەیەکی مەیدانی سەربارەت بە ئامار و حەشیمەتی کوردانی ئوستانی قەزوێن نەکراوە، بەڵام بەپێی بەڵگە و سەرچاوەکان ئەو کوردانە لە زیاتر لە ٥٠ گوند و ناوچەی ئەو ئوستانی نیشەجێ بوون.