کوردێکی یارسان لەسێدارە درا

14:01 - 6 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی کورد لە لایەن بەرپرسانی گرتووخانەی قزلحێسارەوە جێبەجی کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو، پێنجی ڕێبەندان، گرتووخانەی قزلحێسار حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەکی کورد بە ناوی \"فەردین حوسەینی\"ی لە ناوخۆی زیندان‏دا بەڕێوەبردووە.

ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٦ ساڵە، خەڵکی شاری سەحنە لە پارێزگای کرماشانە و بە یەکێک لە گیراوانی ڕووداووی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٨٨ دەژمێردرێت.

\"29411.jpg\"
فەردین حوسەینی
چالاکانی مافی مرۆڤ و دێموکراسی لە ئێران، بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە، ڕایانگەیاند: \"ئەم زیندانییە هاوسەر و کچێکی تەمەن ١٥ ساڵانی هەیە و لە پەیرەوانی نوور عەلیوڵاهییە\".

ناوبراو پێشتر بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی سەرئاوەڵا، تۆمەتی \"تیرۆر\"ی یەکێ لە پێشنوێژەکانی شارۆچکەی \"هەشتگرد\"ی سەر بە کەرەجی ڕەت کردبووەوە و بە داو و پیلانی وەزارەتی ئیتلاعاتی لەقەڵەم دابوو.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەنووسێت: فەردین حوسەینی بەردەوام لە گرتووخانەیەکەوە بۆ گرتووخانەیەکی دیکە وەک قۆم، کرماشان، کەرەج و ...هتد، لە ڕاگواستندا بوو.

ئەو هاووڵاتییە، لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە لە ژێر ئەشکەنجەدا بووە.

بە پشت‏بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ساتەوەختی دەسپێکی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان تا ماوەیەک پێش ئێستا، نزیک بە ١٠٠ کەس لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا ئێعدام کراون، کە زیاتر لە ١٥ کەسیان کورد بوون.

بە وتەی کارناسانی کاروباری ئێران، سیستمی حاکم بەسەر وڵاتدا، بە کەڵک وەرگرتن لە کێشە جیهانییەکانی وەک دۆسییەی ئەتۆمی، زەخت و فشاری بۆ چالاکانی سیاسی و ڕۆژنامەوانان و گرووپە ئەتنیکییەکان زیاتر کردووە.