کوردپا؛ گیانلەدەستدانی ١٠٢ هاووڵاتیی کورد لە ڕەوتی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان
بەپێی دوایین لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، لە کاتی دەسپێکردنی راپەڕینە سەرتاسەرییەکان دژی کۆماری ئیسلامی، کە دوابەدوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا - مەهسا ئەمینییەوە هاتنە ئاراوە، لە ماوەی ٦٦ ڕۆژی رابردوودا، ١٠٢ کەس لە کوردستان لە لایەن هیزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە گیانیان لەدەست داوە.
ئەم ئامارە هەتا ڕێکەوتی ٣٠ی خەزەڵوەر لەخۆ دەگرێت و لە لایەن کوردپاوە پشتڕاست کراوەتەوە، شایانی باسە کە ئاماری چەند حاڵەتی تری گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان بە کوردپا گەیشتووە بەڵام کوردپا، دەیەوێ ئامارەکە پشتڕاست بکاتەوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە:
١٠٢ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی ٦٦ ڕۆژدا گیانیان لەدەست داوە.
١١ کەسیان تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە.
٥ کەس لە کوژراوان ژن بوون.
لەم نێوانەدا نەسرین قادری، سارینا ساعدی، حەمید گوڵی و سامان ڕەحمانی لەو کەسانەن کە بە لێدانی باتوم گیانیان لەدەست داوە.
ڕامین فاتحی، ئیسماعیل دزوار و ئومید حوسێنی پاش دەسبەسەرکران و گوازرانەوە بۆ شوێنی نادیار کوژراون و محەممەد لوتفوڵڵاهی و نەسرین قادریش لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا کوژراون.
زۆرینەی ئەم هاووڵاتییانە بە فیشەکی جەنگی کوژراون و کۆمار دەرویشی و مۆئمێن زەندکەریمی بە ڕوونی دیارە کە بە فیشەکی ساچمەیی گیانیان لەدەست داوە.
ڕۆژی ٣٠ی خەرمانان بە ئاماری ١٤ کەس، ڕۆژەکانی ٤ و ٥ی خەزەڵوەر بە ئاماری ١٢ کەس و ڕۆژەکانی ٢٤ هەتا ٣٠ی خەزەڵوەر بە ئاماری ٣٩ کەس، لەو ڕۆژانەن کە زیاترین ئاماری قەتڵی حکوومەتییان تێدا تۆمار کراوە.
بە پێی زانیارییەکانی کوردپا، کوژراوەکانی خەڵکی شارەکانی ورمێ، شنۆ، پیرانشار، بۆکان، مەهاباد، بانە، سەقز، سنە، دیواندەرە، مەریوان، دێولان، کامیاران، کرماشان، قەسری شیرین، جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی، سەرپێلی زەهاو، ئیلام، گێلانغەرب و قوچانن.