کوردپا هەواڵی \"خۆکوژی\" لاوێکی ئیلامی لە لایەن میدیاکانی ڕێژیمەوە بەدرۆ دەخاتەوە

15:04 - 17 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: ماوەیەک پێش ئێستا هەواڵدەرییەکانی سەر بە حکوومەت، ڕووداوی تەقەی ڕاستەوخۆ لە لاوێکی ئیلامییان وەکوو \"خۆکوژیی شەڕانییەکی بەپێشینە\" بڵاوکردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ١٣ی خەزەڵوەر، هێزە ئینتزامییەکان بە هەڵکوتانە سەر خانووی هاووڵاتییەکی ئیلامی بەناوی یارمحەممەد پیری، ڕۆڵەیەکی گەنجی ئەو هاووڵاتییەیان کوشتووە.

ڕووداوەکە ڕۆژی چوارشەممەی حەوتووی ڕابردوو لە گەڕەکی \"پیچ ئاشوور\"ی گۆڕەپانی \"ئیمام حوسێن\" ڕووی داوە.

هەواڵنێری کوردپا بە ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، گوتی: پاش‏نیوەڕۆی ڕۆژی ڕووداوەکە، هێزە چەکدارەکان لەگەڵ هێندێک هێزی لیباس شەخسی، بە مەبەستی دەستبەسەر کردنی مێهدی پیری، چوونەتە ماڵی یارمحەممەد و یەکێک لە هێزە چەکدارەکان لە دواوە تەقەی لە مێهدی تەمەن ٢٨ ساڵ کرد و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.

تاوانبار کە جلی شەخسیی لەبەردا بووە، بە کۆڵت تەقەی لە مێهدی کردووە، ئەمە لەحاڵێکدا بووە کە ناوبراو هیچ چەشنە \"چەکێکی سارد یان گەرم\"ی پێ نەبووە.

\"28948.jpg\"
یەکێک لە شایەتحاڵانی ڕووداوەکە بە کوردپای ڕاگەیاندووە کە هیزە ئینتزامییەکان پاش یەک کاتژمێر لە شوێنی ڕووداوکە حازر دەبنەوە و بە تێکدانی شوێنەکە، شکاندنی شووشەکان و بریندارکردنی یەکێک لە هێزەکانی خۆیان بە گوللە و دواتریش کۆکردنەوەی پووکەی فیشەکەکان شوێنی ڕووداوەکە جێ دەهێڵن.

ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند کە، هێزە نیزامییەکان دوای چوونە ژوورەوە بۆ ماڵی بەڕێز پیری، ئەندامانی بنەماڵەکەیان دەستبەسەر کردووە و داویانیانەتە بەر کوتان و لێدان.

هەروەها، یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی مێهدی لە وتوێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، جەختی کردەوە کە ناوبراو بەهۆی تەقەی یەکێک لە هێزە نیزامییەکان بەناوی \"غولامی\" کوژراوە و هەواڵی خۆکوژیی ناوبراو چەواشە کراوە و دوورە لە ڕاستی.

مردنی ئەو لاوە کوردە لە زۆربەی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ئیران وەکوو ؛ فارس، ئیسنا، مێهر، تابناک و ...هتد، بەپێچەوانەی ڕاستیی ڕووداوەکە بڵاو کراوەتەوە و بە گێڕانەوە لە فەرماندەی ئینتزامیی پارێزگای ئیلام ڕایانگەیاندووە کە \" تاوانباری بەپێشینەی ئیلام بە شێوەی پاڵەوانانی چیرۆکە پۆلیسییەکان خۆی کوشتووە\".

عەلی دەوڵەتی ڕایگەیاندووە کە داوای لە مێهدی کردووە کە خۆی ڕادەستی هێزە ئینتزامییەکان بکات، بەڵام ناوبراو سەرەتا یەکێک لە هێزەکانی ئێمەی بریندار و دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

چەندین هاووڵاتی دانیشتووی گەڕەکی پیچ ئاشوور، لە وتووێژێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایانگەیاند کە لە ڕۆژی ڕووداوەکەدا، لانیکەم دەنگی ٥ تەقەیان بیستووە.

تەقەی ڕاستەوخۆ و کوژرانی مێهدی لە ئیلامدا، لەحاڵێکدایە کە بەپێی بەندەکانی یاسای بەکارهێنانی چەک لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە، کاتێک ئەو هێزانە مافی تەقەکردنیان هەیە کە دڵنیا بن هێرشیان دەکرێتە سەر و ئەگەر مەترسییان لەسەر نەبێت مافی تەقەکردن بۆ ئەو هێزانە یاسایی نییە.