کوردپا لە "ئیمپەکت ئێران" وەک ئەندام وەرگیرا

12:36 - 1 پووشپەڕ 2722

دوای داواکاریی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "کوردپا" بۆ وەرگیرانی وەک ئەندام لە "ئیمپەکت ئێران"، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، ئەندامیەتیی "کوردپا" لەو هاوپەیمانییەتییە قەبووڵ کرا.

هاوپەیمانیی "ئیمپەکت ئێران" بۆ پیشاندانی هەوڵ و تێکۆشانی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران و هاوکاریی بەربڵاوتر لەگەڵ مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوتەریب لەگەڵ کاری دەوڵەتەکان بۆ بەهێزکردنی پشتیوانی لە مافی مرۆڤ لە ئێراندا دامەزراوە.

ئەو هاوپەیمانییە نوێنەرایەتیی ١٧ ڕێکخراوی نادەوڵەتی دەکات هەتا سەرنجەکان بۆ لای مافی مرۆڤ لە ئێراندا ڕابکشێت و ئێران ناچار بکات بەهۆی نیگەرانییە نێودەوڵەتی و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان پرسی مافی مرۆڤ چارەسەر بکات.

ڕێکخراوی مافی مرۆیی "کوردپا" لەو دەرفەتە کەڵک وەردەگرێت لەگەڵ سیستمی بەربڵاوی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کار بکات و لەو دەفرایەتییە بۆ بەدواداچوونی زیاتری پرسی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا هەوڵ بدات. هەروەها لە ڕێگای زانست و وڵامدەربوونی زیاتر وەک ناوەندێکی مافی مرۆیی کار بکات.

لە کۆتاییدا "کوردپا" ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ ئەندامانی "ئیمپەکت ئێران" ( Impact Iran) سەبارەت بە ئەندامبوونی لەو هاوپەیمانییەدا دەنێرێت و هەوڵ دەدات لەو ڕاستایەدا زیاتر کار بکات.