کوردپا؛ لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکاندا ٥٧ هاووڵاتیی کورد کوژران

21:01 - 20 خەزەڵوەر 2722

بەپێی زانیاری و لێکۆڵینەوەکانی ئاژانسی كوردپا، لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، پاش كوژرانی ژینا-مەهسا ئەمینی بە دەستی حكوومەت، لە ماوەی ٥٤ ڕۆژی ڕابردوودا لە کوردستان ٥٧ كەس گیانیان لە دەست داوە.

ئەم ژمارەیە لە ١٨ خەزەڵوەر، لەلایەن كوردپاوە نوێ کراوەتەوە و پشتڕاست کراوەتەوە، بەڵام هێندێک وردەکاریی زانیاری دیكە گەیشتووەتە دەست كوردپا لەسەر گیان لەدەستدانی چەند هاووڵاتی دیكە، كوردپا خەریکی لێکۆڵینەوەی زیاتره بۆ پشتڕاست کردنەوە ئەو زانیارییانە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە:

- لە ماوەی ٥٤ ڕۆژدا ٥٧ هاووڵاتیی کورد گیانیان لەدەستدا.

- ٨ کەسیان تەمەنیان خوار ١٨ ساڵە.

- لەو کوژراوانە ٥ کەسیان ژن بوون.

- لەو ژمارەیەش نەسرین قادری و سارینا ساعیدی بە لێدانی باتوم  گیانیان لە دەست داوە.

- ڕامین فاتحی و ئیسماعیل دزوار، دوای دەسبەسەرکردنیان لە شوێنێکی نادیاردا کوژراون، هەروەها محەمەد لوتفوڵڵاهی و نەسرین قادری  لە کاتی دەسبەسەرییدا کوژراون.

- زۆربەی ئەو هاووڵاتییانە بە گوللـەی جەنگی كووژراون هەروەها کومار دەروێشی و مۆئمێن زەندکەریمی بە گوللـەی ساچمەیی کوژراون.

- ڕۆژی ٣٠ی خەرمانان، ١٤ كەس گیانیان لە دەست داوە و ڕۆژانی ٤ و٥ی خەزەڵوەر ١٢ كەس گیانیان  لە دەست داوە، لەو ڕۆژانەن کە زۆرترین کوشتنی حکومەتیان تێدا ڕووی داوە.

جیاكردنەوەی ئاماری گیان لەدەستداوان بەپێی پارێزگاكان:

- کوردستان؛ ٢١ کەس (سنە ١١، دیواندرە ٢، دێولان ١، سەقز ٣، مەریوان ٢، بانە ٢)

- ورمێ؛ ١٩ کەس (ورمێ ٤، پیرانشار ٣، شنۆ ٤، بۆکان ١، مەهاباد ٧)

- کرماشان؛ ١٥ کەس (کرماشان ٥، قەسری شیرین ٢، شاباد ٣، سەلاسی باوەجانی ١، سەرپێڵ زەهاو ١ و ٣ کەس خەڵکی سونقور لە کەرەج، قەرچەک و قەزوین گیانیان لەدەستداوە)

- ئیلام؛ ١ كەس

- هاووڵاتییەکی کوردستانی عێراق كە لە ڕێوڕەسمی پرسەی موتەلیب سەعیدپەیرۆو بەشدار بوو؛ بە دەستی هێزە سەركوتکەرەکانی حكوومەت گیانی لە دەست دا.

ناوی گیان لەدەستداوان :

٢٨ی خەرمانان -  موحسێن محەممەدی، کوڕی خەلیفە مەسعود کاتی ناڕەزایەتییەکانی دیواندەرە بریندار بوو و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە گیانی لە دەست داوە، تەرمی ناوبراو لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی ٢٩ی ئەم مانگە بەهۆی ڕێگریی دەزگا ئەمنییەکانەوە، بەبێ ئەنجامدانی ڕێوڕەسم بە خاک سپێردرا.

٢٨ی خەرمانان - ڕەزا لوتفی، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی دێولان بە گوللـە کوژرا.

٢٨ی خەرمانان - فەریدوون مەحموودی، دانیشتووی شاری سەقز لە کاتی خۆپیشاندانەکانی سەقز گیانی لە دەست دا. بەهۆی بەربەستی دام ودەزگا ئەمنییەکانەوە شەو بەبێ هیچ ڕێوڕەسمێک بە خاک سپێردرا.

٢٩ی خەرمانان -  فەرجاد دەرویشی، تەمەن ٢٣ ساڵ كوڕی یونس خەڵکی ورمێ لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی شاری ورمێ بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا.

٢٩ی خەرمانان -  زەکەریا خەیال، تەمەن ١٦ ساڵ، خەڵکی پیرانشار لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی پیرانشار، تەقەی لێ کرا و گیانی لەدەست دا.

٢٩ی خەرمانان -  مینو مەجیدی، دانیشتووی قەسری شیرین لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی کرماشان بە تەقەی هێزكان سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.

٢٩ی خەرمانان -  ڕەزا شەهپەرنیا، تەمەن ٢٣ ساڵ، کوڕی مورتەزا، لە خۆپیشاندانی کرماشان، بەهۆی بەرکەوتنی  گوللـەیەک لە دڵ و ٢٠٠ فیشەک لە جەستەیدا گیانی لەدەست دا.

٣٠ خەرمانان - فواد قەدیمی، کوڕی عەبدوڵڵا لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دیواندەرە کە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانان بریندار ببوو، پاش سێ ڕۆژ ڕێکەوتی ٣٠ خەرمانان، لە نەخۆشخانەی کەوسەر لە سنە و بەشی چاودێری چڕدا گیانی لە دەست دا.

٣٠ خەرمانان - دانش ڕهنەما، تەمەن ٢٥ ساڵ خەڵکی گوندی بەلو لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی شاری ورمێ بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەست دا.

٣٠ خەرمانان - ئەمین مەعڕەفەت، تەمەن ١٦ ساڵانی خەڵكی شنۆ لە کاتی ناڕەزایەتیەکانی شنۆ بە تەقەی هێزە ئەمنییەكان گیانی لەدەست دا.

٣٠ خەرمانان - سەدرەدین لیتانی، تەمەن ٢٧ ساڵ کوڕی قادر، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شاری شنۆ تەقەی لێ کراوە و گیانی لەدەست دا.

٣٠ خەرمانان - میلان حەقیقی، تەمەن ٢١ ساڵ کوڕی سەلیم، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شاری شنۆ  تەقەی لێ کراوە و گیانی لە دەست دا.

٣٠ خەرمانان - عەبدوڵڵا مەحموود پوور، تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی گوندی باڵو سەر بە ورمێ لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارەدا تەقەی لێ کرا و گیانی لەدەست دا.

٣٠ خەرمانان - موحسێن قەیسەر، دانیشتووی شاری ئیلام لە ناڕەزایەتی بە كووشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن حکوومەتەوە تەقەی لە سەر و سینگی كرا و گیانی لە دەست دا.

٣٠ خەرمانان - ئەمیر عەلی فولادی، تەمەن ١٦ ساڵ لە کاتی ناڕەزایەتییەکان لە شاباد سەر بە کرماشان تەقەی لێ کرا. ئاژانسی كوردپا ٤ خەزەڵوەر ئاگادار كراوتەوە حكوومەت داوای پارەی بۆ ڕادەستکردنی تەرمی ئەمیر عەلی فولادی کردووە.

٣٠ خەرمانان - سەعید محەمەدی، تەمەن ٢١ ساڵ لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا لە شاباد تەقەی لێ کرا و کوژرا.

٣٠ خەرمانان - ئیمان محەممەدی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی شاباد سەر بە کرماشان تەقەی لێ کرا و گیانی لە دەست دا.

٣٠ خەرمانان - ئەمیرحوسێن بەساتی، قوتابیی تەمەن ١٥ ساڵ لە ناڕەزایەتییەکانی کرماشان گیانی لە دەست دا.

٣٠ خەرمانان - محەممەد زارعی، خەڵکی شاری سونقوری کرماشان لە کاتی خۆپیشاندانەکان لە ناوچەی "باقرئاباد" سەر بە شاری قەرچەک لە تاران بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوو و لە ڕێگای نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا. هەواڵی کوژرانی ناوبراو دوای دوو حەوتوو بڵاو کرایەوە.

٣٠ خەرمانان - عەلیڕەزا فەتحی، تەمەن ٢٢ ساڵ، خەڵکی شاری سونقور سەر بە کرماشان، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە شارۆچکەی پیشەسازی ئەلوەند لە پارێزگای قەزوین بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە گیانی لە دەست دا و تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا و لە شاری ئەلوەند بە خاک سپێردرا.

٣٠ خەرمانان – ڕووزبێ خادمیان، تەمەن ٣٢ ساڵ، لە فەردیسی کەرەج بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکان لە کاتی ناڕەزایەتییەکان گیانی لەدەست دا و تەرمەکەی لە بەهەشتی سەکینە لە کەرەج بە خاک سپێردرا. ڕووزبێ خادمیان خاوەنی دووکانی مۆبایل بووە و لە کاتی ناڕەزایەتییەکان ٥ فیشەک لە جەستەی کەوتووە.

٤ی ڕەزبەر - عەبدولسەلام قادر گەلوان، کوڕی نادر، کە لە خۆپیشاندانەکانی ٣٠ خەرمانان لە شنۆ بە سەختی بریندار بوو و بەهۆی سەختی برینەکانی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ گیانی لە دەست دا.

٦ی ڕەزبەر- سەمەد بەرگی نیا، کوڕی محەممەد و خەڵکی شاری پیرانشار کە لە خۆپیشاندانەکانی  پیرانشار لە ٢٩ی خەرمانان بە سەختی بریندار ببوو، لە نەخۆشخانەی "خومەینی" لە ورمێ، بەهۆی سەختی برینەکانی گیانی لە دەست دا.

٩ی ڕەزبەر -  موختار ئەحمەدی، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شاری مەریوان بە گوللـە کوژرا و تەرمی ناوبراو بە شەو بەبێ ئامادەبوونی خەڵک بە خاک سپێردرا.

١٣ی ڕەزبەر - نیما شەفەقدوست، تەمەن ١٦ ساڵ، کوڕی بێهرووز، خەڵکی "زیندەشت"ی سەر بە ناحیەی سەڵماس  و دانیشتووی گەڕەکی "كووشتارگا"ی شاری ورمێ، لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا بەهۆی  تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە بە سەختی بریندار ببوو و لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ گیانی لە دەست داوە. ناوبراو سەرەتا خێزانەکەی لە ژێرزەمینەکەی ماڵەکەیدا چارەسەریی بۆ دەکەن و دوای خراپتربوونی بارودۆخی، گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

١٦ی ڕەزبەر - یەحیا ڕەحیمی، کوڕی ئەحمەد، خەڵکی گەڕەکی "نەنەڵە" لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری سنە بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە نزیکەوە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا گیانی لە دەست دا.

١٦ی ڕەزبەر - محەممەد ئەمینی، کوڕی گوڵ محەممەد و دانیشتووی گەڕەکی "تەق تەقان" لە شاری سنە، لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆ گیانی لە دەست دا.

١٦ی ڕەزبەر - داریوش عەلیزادە، لە کاتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی سنە بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژرا.

١٦ی ڕەزبەر -  پەیمان مینبەری، تەمەن ٢٩ ساڵ کوڕی ئەیوب، خەڵکی گوندی "نییەر" و دانیشتووی شاری سنە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا گیانی لە دەست دا. تەرمی ناوبراو بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ڕەزبەر بە ئامادەبوونی بنەماڵەکەی و هێزە ئەمنییەکان لە گۆرستانی بەهەشت محەممەدی سنە بە خاک سپێردرا.

١٨ی ڕەزبەر - ئاریان موریدی، کوڕی حوسێن و ئامینە، کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شاری سەلاسی باوەجانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە سەختی بریندار ببوو، بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا.

١٨ی ڕەزبەر -  ئیسماعیل دزوار، دانیشتووی شاری سەقز لە ٦ی ڕەزبەر لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا دەسبەسەر کرا، ڕۆژی ١٧ی ڕەزبەر گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە و ١٨ی ڕەزبەر گیانی لە دەست دا.

٢٠ی ڕەزبەر - عەزیز مورادی، لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا لە گەڕەکی "نایسەر"ی شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا.

٢٠ی ڕەزبەر - ئارمین سەیادی، بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکان لە کاتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە گەڕەکی "دەرە درێژ" لە کرماشان، گیانی لە دەست دا.

٢٠ی ڕەزبەر - سینا نادری، بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکان لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا لە گەڕەکی "دەرە درێژ"ی شاری کرماشان گیانی لەدەست دا.

٢٠ی ڕەزبەر - کەمال فەقهی، کوڕی محەممەد و خەڵکی بۆکان لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە گیانی لەدەست دا. هێزە ئەمنییەکان لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا لە گەڕەكی "جادە حەسار''ی بۆکان، ڕاستەوخۆ لەسەربانی ماڵەکەی خۆیان تەقەیان لەم هاووڵاتییە کردووە. کەمال فەقهی بەهۆی سەختی برینەکەیەوە کە بە گوللـە لە سەریدا درابوو، لە نەخۆشخانەی "قۆڵیپوور" لە بۆکان گیانی لە دەست دا. ناوبراو کارمەندی وێستگەی کارەبای حەرارەتی شاری بناو بوو.

٢٠ی ڕەزبەر ، سەید محەممەد حوسێنی، خەڵکی سەقز، لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا و لە کاتی ناڕەزایەتی دەربڕین بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان گیانی لە دەست دا، دوو جار ماشێنی هێزە ئەمنییەكان بە خێراییەکی زۆرەوە بەسەر لاشەكەیدا ڕۆیشتوون و گیانی لە دەست دا. لەلایەن حکوومەتەوە بنەماڵەکەی ناچار كراوە کە بڵێن لە ئەنجامی ڕووداوێکی هاتووچۆدا گیانی لەدەست داوە.

٢٧ی ڕەزبەر - سەید عەلیڕەزا حوسێنی، تەمەن ٢٣ ساڵ، کوڕی سەید موراد، خەڵکی کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە تایبەتەکان، لە تاران گیانی لە دەست دا. یەکێک لە كەسانی نزیكی ئەم هاووڵاتییە بە كوردپای ڕاگەیاند: ''هێزەکانی یەگان ویژە بۆ دەسبەسەریی کرێکاران بە گومانی ئەویکە کرێکاران لە خۆپیشاندانەکاندا بەشدارییان هەبووە هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونیان کە لە حاڵی پشوو دابوونە و سەید عەلیڕەزا کە هەوڵی هەڵهاتن دەدا لەلایەن ئەم هێزانەوە لە پشتەوە تەقەی لێ کرا. سەید عەلیڕەزا حوسێنی بەهۆی لێدانی ڕاستەوخۆی گوللـەی جەنگییەوە گیانی لەدەست دا و باقی ئەو کرێکارانەی کە لە چێشتخانەیەک کاریان دەکرد دەسبەسەر کران. تەرمی ئەم گەنجە لە گوندی "ساملێ"ی شاری کرماشان بەخاک سپێردرا.

٢٩ی ڕەزبەر- ڕامین فاتحی، خەڵکی سنە لە ژێر ئەشکەنجەدا لە یەکێک لە گرتنگەکاندا گیانی لەدەست دا. هێزە ئەمنییەکان هۆکاری گیانلەدەستدانی ناوبراویان وەک خۆکوشتن بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاند و بە نهێنی لە بەهەشت محەممەدی سنە بە خاک سپارد و بنەماڵەکەیان ئاگادار کردەوە کە ڕێگەیان پێ نادرێت ڕێوڕەسمی پرسەی بۆ دابنێنن.

٣٠ی ڕەزبەر- ڕامین كەرمی،  کوڕی پەرویز، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی شاری سەرپێڵ زەهاو دانیشتووی شاری کرماشان کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەزبەر لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی کرماشان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار ببوو، گیانی لەدەست دا. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی  پێنجشەممە ٢٨ی ڕەزبەر، دوای ٨ ڕۆژ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەواڵی گیان لەدەستدانی ئەم هاووڵاتییە بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە. تەرمی ئەم هاووڵاتییە ناڕازییە بە ئامادەبوونی هێزە ئەمنییەکان و بنەماڵەکەی لە گۆڕستانی "کۆڵ داود" لە سەرپێڵ زەهاو بە خاک سپێردرا. هێزە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەم هاوڵاتییە کردووە کە لە وتووێژ لەگەڵ میدیاکان خۆیان ببوێرن.

٤ی خەزەڵوەر-  محەممەد لوتفوڵڵاهی، کوڕی باقری خەڵکی سنە کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی گەڕەکی نایسری شاری سنە بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار و دواتر دەسبەسەر کرا بوو، لە کاتی دەستبەسەرکردنی لە ناو ونێكدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە توندی لێی درا و لە ئەنجامی ئەشکەنجەدان گیانی لەدەست دا، بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شوێنی ئەشكنجە بە ڕوونی لەسەر جەستەی دەر کەوتووە.

٤ی خەزەڵوەر- محەممەد شەریعەتی، خەڵکی شاری سنە لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا لە كەمەربەندی ٢٥ی شاری سنە بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەست دا.

٤ی خەزەڵوەر-  ئەفشین ئاشام، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی "سورخەک سەنجابی" و دانیشتووی گەڕەکی "پالی ئاباد"ی قەسرشیرین، لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەی لە سینگ و سکی کرا و گیانی لە دەست دا. سەرچاوە ئاگادارەکانی كوردپا لە شاری قەسرشیرین باسیان لەوە کردبوو کە دەزگا ئەمنییەكان بۆ ڕادەستکردنی تەرمی ئەفشین ئاشام داوای ٢٥٠ ملیۆن تەمەنیان كردووە.

٤ی خەزەڵوەر- ئیسماعیل مولوودی، تەمەن ٣٥ ساڵ، کوڕی عەبدولقادر، خەڵکی شاری مەهاباد، لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا.

٤ی ڕەزبەر - کەیوان دەرویشی لە دایکبووی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی، لە "کەمەربەندی ٢٥"ی شاری سنە بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکێک لە خاڵە گرنگەکانی جەستەی، گیانی لە دەست دا. ئەمە لە کاتێکدایە کە بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەکەی، لە بەڵگەی پزیشکی  کەیوان دەرویشیدا هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەم ناڕازییە"ڕاوستانی دڵی" ڕاگەیەندراوە.

٥ی خەزەڵوەر - سارینا ساعیدی، تەمەن ١٦ ساڵ و منداڵی هاشم، لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا لە ٤ی خەزەڵوەردا بەهۆی لێدان بە باتوم لە سەری، تووشی خوێنڕێژی مێشک بوو و دوای ڕۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانەی جام گیانی لە دەست دا. تەرمەکەی لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدی شاری سنە بە ئامادەبوونی هێزە ئەمنییەکان و بنەماڵەکەی بەخاک سپێردرا. هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی کردووە و دوایان لێ کردوون کە هۆکاری مردنەکەی وەک خۆکوشتن ڕابگەیەنن و لەگەڵ میدیاکان وتووێژ نەکەن.

٥ی خەزەڵوەر - فریشتە ئەحمەدی، تەمەن ٣٢ ساڵ خەڵکی شاری سەردەشت و دانیشتووی شاری مەهاباد لە سەربانی ماڵەکەی بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا. ناوبراو کوڕێکی تەمەن ٣ ساڵ و کچێکی تەمەن ٦ ساڵانی هەیە. تەرمەکەی شەوانە بە نهێنی لە گوندی "هەمزاوای ئاباد"ی مەهاباد بەخاک سپێردرا.

٥ی خەزەڵوەر - مۆتەلیب سەعید پەیرەو، دانیشتووی شاری بانە، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەست دا. تەرمەکەی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیوبی بانە و ڕۆژی دواتر ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا.

٥ی خەزەڵوەر - فەریدوون فەرەجی، تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی سەقز لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەست دا. تەرمەکەی بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیوبی بانە گواسترایەوە و دواتر ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

٥ی خەزەڵوەر - كۆبرا شێخە، دانیشتووی شاری مەهاباد، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی مەهاباد دوای بە خاک سپاردنی ئیسماعیل مولوودی، یەکێک لە قوربانیانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری مەهاباد، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەست دا. فیشەک لە قوڕگی ناوبراو کەوتبوو.

٥ی خەزەڵوەر - شاهۆ خزری، دانیشتووی شاری مەهاباد، لە کاتی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکاندا دوای بەخاک سپاردنی تەرمی ئیسماعیل مولوودی، یەکێک لە قوربانیانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری مەهاباد، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەست دا.

٥ی خەزەڵوەر - زانیارى ئەبوبەکری، کوڕی سوڵتان و دانیشتووی شاری مەهاباد لە خۆپیشاندانە جەماوەییەکەی پاش بە خاک سپاردنی تەرمی ئیسماعیل مولوودی، یەکێک لە قوربانیانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری مەهاباد، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەست دا.

٦ی خەزەڵوەر - مەسعوود ئەحمەدزادە، خەڵکی شاری مەهاباد کە لە کاتی خۆپیشاندانەکان لە ڕێکەوتی ٥ی ڕەزبەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بە سەختی بریندار ببوو، ڕۆژی هەینی ٦ی ڕەزبەر بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا.

٦ی خەزەڵوەر - داستان ڕەسووڵ، هاووڵاتییەکی خەڵکی کوردستانی عێراق کە بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی موتەلیب سەعیدپەیرۆو، یەکێک لە قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ٥ی خەزەڵوەرلە شاری بانە، چووبووە گوندی چۆمان، بە تەقەی هێزەكانی پاسەوانی سنوور گیانی لە دەست دا.

٨ی خەزەڵوەر- کومار دەرئوفتادە، تەمەن ١٦ ساڵ کوڕی حەسەن، بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکان لە کاتی خۆپیشاندانەکانی یەکێک لە شەقامەکانی پیرانشار گیانی لە دەست دا. تەرمی ئەم لاوە بۆ نەخۆشخانەی پیرانشار گوازراوە و دواتر ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە. تەرمی ناوبراو لە ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەر لە گوندی "زیۆکە"ی پیرانشار بە خاک سپێردرا.

١١ی خەزەڵوەر - مۆئمێن زەندکەریمی، تەمەن ١٨ ساڵ و کوڕی عوبەید، خەڵکی گوندی "ماچکە" سەر بە ناحیەی دێولان و دانیشتووی گەڕەکی "گۆڵشەن"ی شاری سنە، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت لەم گەڕەکە کوژرا. دوای برینداربوونی ئەم گەنجە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی تەوحید و دوای چەند کاتژمێرێک بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لە دەست داوە. تەرمەکەی لە گوندی "ماچکە" شەو لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بەخاک سپێردرا.

١٣ی خەزەڵوەر - نەسرین قادری، خەڵکی مەریوان، کە لە کاتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان لە تاران ناسێندرابوو و لە سەرەتای شەودا سەرکوتکەران هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی و دوای ئەوەی هەوڵی دەسبەسەرکردنی دەدەن، بە توندی بە باتۆم لێی دەدەن، لە ئەنجامی کە قورسی برینەکانی بێهۆش دەبێت و گیانی لە دەست دەدا. هێزە ئەمنییەکان تەرمی ناوبراویان ڕادەستی بنەماڵەکە نەکردووە  و بە شەو لەژێر گوشاردا بە خاکیان سپاردووە.

١٨ی خەزەڵوەر - فایق مام قادری، کوڕی ڕەسووڵ، یەکێک لە بریندارەکانی خۆپیشاندانەکانی مەهاباد کە بەهۆی سەختی برینەکانی لە کۆمادا بوو، لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ گیانی لە دەست دا. ڕۆژی ٢٣ی خەزەڵوەر، فایق مام قادری لەگەڵ مەسعود فەرەجزادە و دانا مام قادری لە شەقامی ئیستقلال لەلایەن سەرکوتکەرانەوە ڕاگیران، پێش ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەیان ڕابگرن، تەقەیان لێ کرا و فایق مام قادری بە هۆی گوللـەی هێزە سەرکوتکەرەکانەوە سەر و پشتی بە سەختی بریندار ببوو.

کۆکردنەوە؛ ئەوین مستەفازادە