کوردپا لێدوانی بەرپرسێکی حکوومەتیی ئێران لەمەڕ هەواڵی دانەخرانی قوتابخانەیەک لە هەورامان رەت دەکاتەوە

19:32 - 1 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای رەت کردنەوەی هەواڵی چەند رۆژ پێش ئێستای \"ئاژانسی کوردپا\" سەبارەت بە داخرانی قوتابخانەیەکی سەرەتایی شارۆچکەی هەورامانی تەخت، بنەماڵەی قوتابیانی ئەو شارە داخرانی چەند رۆژەی قوتابخانەکەیان بە هۆی نەبوونی \"نەوت\" پژڕاست کردەوە.

بەپێی لێدوانی چەند هاووڵاتییەکی شاری هەورامانی تەخت، ئەو قوتابخانەیە رۆژی شەممە رێکەتی ٣٠یەمی بەفرانبار بە هەوڵ و یارمەتیی بنەماڵەی قوتابیان کراوەتەوە و بنەماڵەی ئەو قوتابیانە بەمەبەستی گەرم کردنەوەی پۆلەکان لە ماڵی خۆیانەوە \"نەوت\"یان بۆ قوتابخانە بردووە.

چەند کاتژمێر پێش ئێستا ماڵپەڕی \"رووداو\" لە هەواڵێک کە لە زاری سه‌عدوڵڵا محه‌ممه‌دی، \"به‌رێوه‌به‌ری په‌روه‌رده\"‌ی شاری \"سه‌وڵاوا\"وە بڵاوی کردەوە، هەواڵی پێشووی \"ئاژانسی کوردپا\"ی بە ناراست لە قەڵەم دا.

\"10826.jpg\"
ئەو هەواڵەی \"ئاژانسی کوردپا\" لەکاتێکدا رەت دەکرێتەوە کە بەڵگەی پێویست لەمەڕ راست بوونی ئەو هەواڵە لەبەر دەستی \"ئاژانسی کوردپا\"دا هەیە کە قوتابخانەی سەیدی هەورامی لە ماوەی حەفتەی رابردوودا بە هۆی نەبوونی سووتەمەنی بەرەوڕووی داخران بۆتەوە.

نەبوونی سوتەمەنی لەو قوتابخانەیە لە حاڵێک دایە کە بەرپرسانی ئەو قوتابخانەیە بەپێی بڕیاری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان بە مەبەستی دابین کردنی سووتەمەنی بۆ وەرزی زستان، لە هەر قوتابییەک بڕی ١٠٠ هەزار تمەن پارەیان وەرگرتبوو.

ئەوە لە کاتێک دایە کە به‌رێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی سه‌وڵاوا بە ماڵپەڕی رووداوی راگەیاندووە، (ئه‌گه‌ر جله‌كانی به‌ری خۆشم فرۆشتبێت، ناهێلم هیچ قوتابییه‌ك سه‌رمای بێت و له‌ خوێندن داببڕێت).

شارۆچکەی هەورامانی تەخت سەربە شاری سەوڵاوا ٣ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە.