کوردستان/ ئیتلاعات ١٦ چالاکی کرێکاری دەستبەسەر کرد

22:02 - 12 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: لەبەرەبەری ڕۆژی جیهانی کرێکار، لانیکەم ١٦ کرێکار لە شارەکانی سنە و سەقز دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کۆتاییەکانی حەوتووی ڕابردوودا، بە مەبەستی پێشگیری لە بەڕێوچوونی ڕۆژی کرێکار، ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە کوردستان کۆمەڵێک لە ئەندامانی ئەنجومەنەکانی داکۆکیکار لە مافی کرێکاریان دەستبەسەر کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٩ی بانەمەڕ، عەباس ئەندریان و موزەفەر ساڵح نیا بانگهێشتی حیفازەت ئیتلاعاتی هێزە ئینتزامییەکانی شاری سنە کران و سەبارەت بە ڕێوڕەسمی تایبەت بە ڕۆژی کرێکار لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو دوو چالاکە کرێکارییەیان لە بەشداری کردن لە بەڕێوەچوونی ڕۆژی ١ی مانگی مەی بێبەش کردن.

ڕۆژی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ بەرێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمە لە ئێران، ٥ کەس لە چالاکانی کرێکاری لە کۆبوونەوە لە بەرانبەر خانەی کرێکاری لە شاری سنە دەستبەسەر و ئێوارەی ئەو ڕۆژ سێ کەس، لەو چالاکانە بەدانی بارمتە ئازاد کران.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەر کراوانەی بەر دەرگای خانەی کرێکار لە شاری سنە، بە ناوەکانی یەدووڵڵا سەمەدی، لوتفوڵڵا ئەحمەدی، زاهید مورادی، نادر ڕەزا قلی و حوسێن حەسەن ئابادی ڕاگەیەنڕاوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی یەدووڵڵا سەمەدی و زاهید مورادی لە بەردەستدا نیە.

هەر ساڵە و لە ڕۆژی ١ی مانگی مەی، چالاکانی کرێکاری بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی کوردستان بانگهێشت و نیسبەت بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەو ڕۆژەدا هەڕەشە لە چالاکانی کرێکاری دەکرێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا لە شاری سەقز هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارە ٩ چالاکی کرێکاریان دەستبەسەر کرد و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.

سەید جەلال حوسێنی یەکێک لە بانگهێشت کراوەکان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات شاری سەقز بوو کە ڕۆژی ڕابردوو، پاش چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوە ئازاد کرا.

پێنج کرێکاری دیکە لە شاری سەقز کە دوانێوەڕۆی ڕۆژی ڕابردوو لە \"پارکی کەسەر\" هەڵکەوتوو لە جاددەی یکەمەر بەندی لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکان دەستبەسەر کرابوون بریتین لە: محەممەد عەبدی پوور، ئازاد ئەحمەدی، ئەحمەد عەبدی پوور، سدیق محەممەدی و پێدرام عەبدی پوور.

کۆمیتەی هاوکاری بۆ یارمەتی پێکهێنانی ڕێکخراوی کرێکاری لەو پەیوەندییەدا ڕاگەیاند: کاتژمێر ٨.٣٠ شەوی ڕابردوو محەممەد عەبدی پوور و سدیق محەممەدی بۆ ستادی خەبەری دەگوازرێنەوە و ئازاد ئەحمەدی، ئەحمەد عەبدی پوور و پێدرام عەبدی پوور ئازاد کران.

ئازاد محەممەد پوور و سدیق محەممەدی پاش چەند کاتژمێر لێکۆڵینەوەی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ئازاد کران.

هەروەها ڕەحمان کاردار، حوسێن مورادی و سەید ئەنوەر موعەتەر لە ڕێگای تێلفونەوە بانگهێشتی ستادی خەبەری ئیتلاعاتی شاری سەقز کراون.

کۆمیتەی هەماهەنگی لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، ئەو سێ کەسە ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٢ی بانەمەڕ دەبێت خۆیان بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز بناسێنن.

لە ئەساسنامەی کۆمیتەی هەماهەنگیدا ڕاگەیەنراوە، ئەو کۆمیتەیە تایبەتە بە کرێکاران و چالاکانی کرێکاری، کە بۆ وەدەستهێنان و پاراستن و بەرژەوەندی کرێکاران لەژێر زوڵم و چەوسانەوە، چاککردنی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی ئەوان، وەدەستهێنانی ئازادییە دێموکراتیکەکان، یەکسانی مافی ژن و پیاو، هەڵوەشانەوەی گەڵاڵەی پەسەند کردنی منداڵانی کار و بە فەرمی ناسینی مافی ئینسانی ئەوان چالاکی و خەبات دەکات.

بانگهێشت و دەستبەسەر کردنی چالاکانی کرێکاری لە کوردستان هاوکات بووە لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی دەوڵەت لە ڕۆژی کرێکار لە تاران کە بە هۆی نەبوونی ئەمنییەتی کار، گرێبەستە کاتییەکان و بیمە، لە گرینگترین داوکاری ئەو توێژەی کۆمەڵگا بووە.

بە پشتبەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ساڵی ڕابردوو ٢٣ کرێکاری کورد دەستبەسەر ١٧ کەس زیندانی و ١٣ کەسی دیکە بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراون.