کوردستان/ گیانلەدەستدانی کرێکارێک و برینداربوونی دوو کرێکاری دیکە

11:38 - 22 گەلاوێژ 2722

کرێکارێکی کانگای زێری " ئاق‌دەڕە"ی تیکاب بە ناوی "عابید ڕەحمانی" بەهۆی لێدانی بێڵی لۆدرێک دوای برینداربوونی لاقی، گیانی لە دەست دا.

هەواڵدەریی "ئیلنا" لەو باەرەیەوە نووسیویەتی: ئەو کرێکارە پاش برینداربوونی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی تەورێز کراوە، کە دواتر لەو نەخۆشخانەیە گیانی لە دەست داوە.

لە لایەکی دیکەوە هەواڵدەریی "ئیلنا" لە هەواڵێکدا، باسی لە برینداربوونی دوو کرێکاری "سیمبان" لە شارەکانی کەنگاوەر و سەحنە کرد کە لە کاتی کارکردن تووشی کارەباگرتوویی هاتبوون.

شوناسی ئەو دوو کرێکارە برینداربووە، "حەمید یاوەری" خەڵکی شاری کەنگاوەر و "محەممەدڕەزا جەعفەری" خەڵکی شاری سەحنەی سەر بە پارێزگای کرماشان، ڕاگەیەندراوە.

ئەو دوو کرێکارە، کرێکاری شیرکەتی دابەشکردنی کارەبا لە شارەکانی کانگاوەر و سەحنە بوون.

هەنووکە ئەو دوو کرێکارە لە نەخۆشخانە خەوێندراون.