کوردستان/ کێشەی کۆمەڵایەتی، بێکاری و ماڵی لە حەوتوویەکدا سێ قوربانی هەبووە

15:14 - 28 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتی بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی، کێشەی ماڵی و بێکاری لە شارە جیاجیاکانی کوردستان هانایان بۆ خۆکوژی برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری کرماشان قوتابییەکی دواناوەندی بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە هەوڵی خۆکوژی دا.

ئێوارەی ڕۆژی پێنج‌شەممە ٢٨ی خەزەڵوەر، قوتابییەکی دواناوەندی لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری کرماشان بە چەکی ڕاو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە شوناسی ئەو قوتابییە ڕانەگەیەندراوە.

هەواڵدەری مێرساد نیوز نزیک لە سپای پاسداران، خۆکوژیی ئەو قوتابییەی بۆ برەوپێدانی خۆکوژی لە گرووپە تێلگرامییەکان گەڕاندووەتەوە، لە کاتێکدا ئەو قوتابییە بە هۆی کێشەی هەژاری و ماڵیەوە دەستی داوەتە خۆکوژی.

هەر لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەر،کۆڵبەرکی دیکەی کورد خەڵکی گوندی \"ئەنبێ\" سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕ لە بەشی سیلوانای شاری ورمێ، لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە تەمەن ٤٤ ساڵەیە بە \"فەرهاد عەباسپوور\" ڕاگەیەندراوە کە ناوبراو خیزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە.

فەرهاد عەباسپوور بە هۆی بێکاری و نەبوونی داهات و هەڵی کار دەستی داوەتە خۆکوژی.

هەروەها لە هەواڵێکی دیکەی هاوشێوەدا، ڕۆژی یەکشەممە لە گوندی \"گردشکانە\"ی سەر بە شاری پیرانشار، لاوێک بە ناوی \"ئیبراهیم کرمانج\" کوڕی سەلیم، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ناوبراو خێزاندارە و منداڵێکی هەیە و بە هۆی کێشەی ماڵی و بێکاریەوە هەوڵی خۆکوژی داوە.

دەستکورتی و بێکاری و نەبوونی دەرفەتی کار و کێشەی بنەماڵەیی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژی لە نێو هاووڵاتییان هەژمار دەکرێن.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ ڕێژه‌ی خۆکوژی له‌کوردستاندا به‌رچاوه، نه‌ک هه‌ر هه‌نگاوی کرده‌یی بۆ سڕینه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌ دزێوه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ هه‌ڵنه‌گیراوه‌، به‌ڵکوو له‌لایه‌ن ناوەندە په‌یوه‌ندیدارەکانی حکوومەتەوە زۆر جار حاشای لێ ده‌کرێت و لە ڕووماڵ کردنی ئەو دیاردەیە لە میدیاکان خۆدەبوێرن.