کوردستان/ هەورەتریشقە ٥ قوربانیی لێکەوتەوە

14:31 - 20 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: لە چەند شاری کوردستانی ئێراندا بە هۆی ڕووداوی سروشتیی هەورە تریشقەوە، ٣ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٢ کەسی دیکەش بەتوندی بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٥ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی مەهاباد، سڵماس، ورمێ و میاندووئاو، بە هۆی بەرکەوتنی هەورەتریشقەوە کوژرا و برینداربوون.

هاوکات لەگەڵ دەسپێکی با و باران، لە شاری مەهاباد، هاووڵاتیی پێ لە تەمەنی مەهابادی بە ناوی \"ع، الف\" بە هۆی بەرکەوتنی هەورەتریشقەوە، گیانی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە کاتی کۆکردنەوەی مەڕ و ماڵات لە نزیک گوندی \"شارەزوور\"، بەر هەروەتریشقە کەوتووە و گیانی لەدەست داوە.

لە لایەکی دیکەوە، لاوێکی کورد خەڵکی گوندی \"شێخ زەردی\"ی ناوچەی مەرگەوەڕ لە بەخشی سیلوانای شاری ورمێدا، بە هۆی لێدانی هەورەتریشقەوە، گیانی لەدەست دا.

شوناسی ئەو لاوە کوردە، بە ناوی \"ڕزگار ئەحمەدی\"، کوڕی عەلی خان، تەمەن ٢٢ ساڵ، ڕاگەیەندراوە.

ئەو لاوە کوردە، چوار ڕۆژ بەر لەو ڕووداوە، ژیانی هاوبەشی پێکهێنا بوو.
لەو پەیوەندییەدا، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵ، خەڵکی شاری سڵماس، بە هۆی بەرکەوتنی هەورەتریشقەوە، گیانی لەدەست دا.

ئەو مێرمنداڵە، پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی خومەینیی شاری سەڵماس، گیانی لەدەست داوە.

هەروەها، هەورەتریقشە هاووڵاتییانی شاری میاندووئاوی لەو ڕووداوە سروشتییە بێبەری نەکردووە و دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە هەورەتریشقە لێیانی دابوو و بریندار بوون.