کوردستان/ هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات ٣ کەسیان دەستبەسەر کرد

20:05 - 4 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، ٣ هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کردووە کە دوو کەسیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە هەواڵنێرێکی کورد خەڵکی گوندی \"گامێش چەران\" سەر بە شاری گیلانغەرب لە پارێزگای کرماشان بە ناوی \"ئەرژەنگ زەڕگوش\" لە لایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: مەئموورانی هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو هەواڵنێرە کوردەیان بە تۆمەتی \"باس کردن لە ڕووخانی حکوومەت\" لە کاتی قسەکردن لە پەیوەندی لەگەڵ بوومەلەرزەی سەرپێڵی زەهاو دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، مەئموورانی ئیتلاعات ڕۆژی پێنجشەممە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەرژەنگ و نابراویان بە زۆر لەگەڵ خۆیان بردووە و هەتاکاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە لە چارەنووسی هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی ڕابردوو، هاووڵاتییە کوردە بە ناوی \"سیامەند شێخەیی\" کوڕی حوسێن خەڵکی شاری سەردەشت لە لایەن مەئموورانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستراوە و لە چارەنووسی هیچ زانیارییەک لە بەردەست دانییە.

هەواڵی گەیشتوو بە کوردپا باس لەوە دەکات، دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە پەیوەندی لەگەڵ \"هاوکاری یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران\" بووە.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە، سیامەند شێخەیی لە سنووری \"کێلێ\" ناوچەی سەردەشت بە پیشەی کرێکارییەوە خەریکە و هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری ورمێ ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەستبەسەر کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری مەهاباد لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە، بەڵام شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووتەوە و هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە بەردەست دانییە.