کوردستان/ هێزە ئەمنییەتییەکان دوو هاووڵاتیی کوردیان دەسبەسەر کرد

14:52 - 5 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنییەتییەکان لە شارەکانی جوانڕۆ و گیلانغەڕب، دوو هاووڵاتیی کوردیان دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆتایی مانگی بانەمەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی\"عوسمان جەلالی\" خەڵکی شاری جوانڕۆ، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، پێشتر، عوسمان جەلالی بۆ ماوەی چەند مانگێگ ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بووە و پاش گەڕانەوەی بۆ لای بنەماڵەکەی، هیچ چالاکێکی سیاسی نەکردووە.

لە لایەکی دیکەوە، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری گێلانغەرب، بە ناوی\"مێهدی ئیمام عەباسی\" لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شونێکی نادیار راگوێزراوە.

دەوترێ، ئەو هاووڵاتییە گێلانغەربییە، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران تۆمەتبار و دەسبەسەر کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هێچ زانیارییەک لە مەڕ چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، لە بەردەستدا نییە.