کوردستان/ نزیکەی بە ١٠ هاووڵاتیی کورد لە ئاودا خنکان

15:42 - 14 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: نزیکەی ١٠ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە هۆی ناشارەزایی لە کاتی مەلەکردن لە ئاودا خنکان.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی هەینی ١٣ی گەلاوێژ، چوار کەس لە بنەماڵەیەک لە شاری بانە لە کاتی گەشت و سەیران لە بەنداوی \"کێلێ\" تووشی ڕووداوی نەخوازراو بوون و لە ئاودا خنکان.

شوناسی ئەو پێنج هاووڵاتییە بە ناوەکانی \"عەبدوڵڵا، ب\" تەمەن ٤١ ساڵ، \"پێشەوا.ب\" کوڕی عەبدوڵڵا تەمەن ١٠ ساڵ، هەروەها دوو کچی عەبدوڵڵا بە ناوەکانی \"نگین.ب\" تەمەن ١٥ ساڵ و \"نیاز.ب\" تەمەن ١٠ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە خۆجێیەکان، پێشەوا.ب لە کاتی مەلەکردن بە هۆی ناشارەزایی لە مەلەکردن لە ئاودا دەخنکێ و بنەماڵەی ئەو مێرمنداڵە تەمەن ١٠ ساڵەیە لە کاتی یارمەتی دانی کوڕەکەیان تووشی ئەو ڕووداوە دەبن و دەخنکێن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، دوو برای تەمەن ٣٥ و ٣٧ ساڵ لە بەنداوی سارۆقامیشی شاری بۆکان بە هۆی ناشارەزایی لە مەلەکردن لە ئاودا خنکان.
هەتا ئێستا شوناسی ئەو دوو برایە ڕانەگەیەندراوە.

هەر لەو پێوەندییەدا، لاوێکی تەمەن ٢٣ ساڵ خەڵکی گوندی \"قزڵچی\" لە ناوچەی زۆرئاوای شاری سەلماس لە ئاوەکانی قەڵای ئیسماعیل ئاغادا خنکاوە.