کوردستان/ لەماوەیەکی زەمەنی کەمدا ٣ کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە

21:37 - 10 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: ئاماری خۆکشتن لە نێو لاوان لە کوردستان رۆژبەرۆژ لە پەرەسەندن دایە و لە نوێترین حاڵەتدا چوار هاووڵاتیی کورد هەوڵی خۆکوشتنیان داوە کە سێ کەسیان لە هەوڵەکانیاندا سەرکەوتوو بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دیاردەی خۆکشتن بەرۆکی لاوانی لە کوردستان گرتووتەوە و چوار کەس لەهاووڵاتییانی کورد کە یەکێکیان کچە خوێندکارێک بووە هەوڵی خۆکوشتنیان داوە.

هەرلەو پێوەندییەدا و چەند رۆژ پێش ئێستا، سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی \"قەڵەرەش\" سەربە شاری سەردەشت هەوڵی خۆکوشتنیانداوە و دووکەسیان گیانیان لە دەست داوە.

هەواڵنێری کوردپا لەشاری سەردەشت شوناسی دوو کەسیان کە چەند رۆژ پێشتر لە گوندی قەڵەڕەش کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە \"عەبدوڵڵا. ئا\" و \" فەرزاد.م \"راگەیاندووە.

لەلایەکی دیکەوە، کچە خوێندکارێکی کوردی خەڵکی پیرانشار بە ناوی کانی ئاگوشی تەمەن ٢٣ساڵە لەماڵەکەی خۆیدا لەرێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتای بە ژیانی خۆی هێناوە.

دەوترێ ئەو کچە کوردە خوێندکاری ساڵی کۆتایی زانکۆ بووە و بە هۆی نالەباری دۆخی ژیانی تووشی خەمۆکی بووە و بەو هۆیەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

کانی ئاگوشی کچی محەمەدئەمینی ئاگوشی زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی ناوەندی زاهیدانە.

لەچەند مانگی رابردوودا ئامارەکانی خۆکوژی لە نێو هاووڵاتییانی کوردا رووی لە زیاد بوون کردووە و لەو پێوەندییەدا ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەتی هیچ هەڵوێستێکیان سەبارەت هۆکار و پاڵنەرەکانی ئەو خۆکوژیانەیان لە خۆیان نیشان نەداوە.

هەژاری، بێکاری، نەبوونی دەرفەتی کار لەناوچە کوردنشینەکانی کوردستان بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوشتن لەنێو هاووڵاتییانی کوردا دێتە ئەژمار کە زۆرترین رێژەی ئەو حاڵەتانەی لەنێو ئوستانەکانی ئێراندا بۆ خۆی تەرخان کردووە.