کوردستان/ لەماوەی دوو مانگدا، ١٨ کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە

16:50 - 5 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: بە خۆکوشتنی لاوێکی دیکەی کورد لەشاری کامیاران، ئاماری خۆکوژییەکان لەماوەی دوو مانگی رابردووە هەتا ئێستا گەیشتە ١٨ کەس.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ١٨ حاڵەتی خۆکوژی تەنیا لەماوەی دەسپێکی وەرزی هاوینەوە هەتا ئێستا لەکوردستان رووی داوە و داویین حاڵەتی ئەو دیاردەیە، خۆکوژی لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵەی کورد لەکامیاران بووە.

میلاد رەحمانی کوڕی عەلی بە هۆکارێکی نادیار لەناو ماڵەکەی خۆیاندا لەیەکێک لەگەڕەکەکانی شاری کامیاران لەرێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بە باوەڕی کۆمەڵناسان و شارەزایانی بواری دەروونی، خۆکوژی لەکوردستان زیاتر وەکوو دیاردەی لێهاتووە و رۆژانە مانشێتی بەشێک لەمیدیاکان بۆ ئەو بابەتە تەرخان کراوە.

بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی زیاتر لەدوو مانگدا ١٨ کەس لەشارەکانی کوردستانی ئێران دەستیان داوەتە خۆکوژی و لە هەوڵەکانیشیاندا سەرکەوتوو بوون.

لەکۆی گشتیی ئەو کەسانەی کە دەستیان داوەتە خۆکوژی ١٣ کەسیان ژن و ٥ی دیکەشیان پیاو بوون.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان رۆژانە بەشێوەی نێوەنجی ١١ کەس لەئێران کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن.

لەئێران بەشیوەی نێوەنجی رۆژانە زیاتر لە ٢٠ کەس هەوڵی خۆکوژی دەدەن و لەکۆی گشتی ئەو رێژەیە تەنیا ١١ کەسیان لەهەوڵەکانیان سەرکەوتوو دەبن.

ئامارە جیهانییەکان باس لەوە دەکەن لەوڵاتانی رۆژئاوایی لەو کەسانەی کە هەوڵی خۆکوژی دەدەن تەنیا یەک کەسیان سەرکەوتوو دەبێت.

ئوستانەکانی ئیلام، خووزستان، لورستان، کرماشان و گوڵستان لەو شوینانەی ئێرانن کە زۆرترین حاڵەتی خۆکوژی تێیاندا روو دەدات.