کوردستان/ لە کەمتر لە یەک حەوتوودا سێ هاووڵاتیی کورد کوژراون

16:19 - 2 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: کێشەی بنەماڵەیی و کێشەی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی کوردستان، گیانلەدەستدانی سێ هاووڵاتیی کوردی لە شار و ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی لێکەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی سەرماوەز، لە گوندی \"میراودەلی\" سەر بە شاری باینگان، بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵە لەلایەن یەکێک لە خزمە نزیکەکانییەوە دەکوژێت.

هەواڵە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە؛ ئەو تاوانە بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی و لە لایەن مامی ئەو کچەوە ئەنجام دراوە.

هەروەها لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا، ڕۆژی سێ‌شەممە ٣٠ی سەرماوەز، لە نزیک شارۆچکە \"تروەڕێز\"ی شاری کامیاران، کچێکی لاو لە لایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە کوژراوە.

تەرمی ئەو کچە کامیارانییە لە نزیک جادەی سەرەکیی کامیاران-تروەڕیز دۆزراوتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی ١ی بەفرانبار، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری \"ئیلام\"، ژنێکی هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە، لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە کوژراوە.

هەواڵدەریی مێهر لەو بارەیەوە بڵای کردەوە کە؛ ئەو ژنە لاوە بە شتێکی تێژ لە لای ملییەوە بریندار کراوە و بەهۆی خوێنڕێژیی زۆرەوە گیانی لەدەست داوە.

بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەو ژنە ئیلامییە بە چەقو یان شتێکی تێژ کوژراوە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەیی ئەم هەواڵە، شوناسی ئەو سێ ژنە کوژراوە ناڕوونە و هەروەها زانیارییەکی ورد و دروست لە مەڕ هۆکاری کوژرانیان لە بەردەستدا نیە.

هەروەها لە نێوەڕاستی ئەم حەوتوویەدا، هاووڵاتییەکی پێ لە تەمەن لە شاری مەریوان بە مردوویی و پاش سێ ڕۆژ لە نێو ماشینەکەی خۆیدا دۆزرابوویەوە.

ماڵپەڕی نێوخۆیی زرێبار نیوز، شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە ناو\"ع. الف\" تەمەن ٤٥ ساڵە خەڵکی گوندی ئەسپەرێز سەر بە شاری سەوڵاوا ڕاگەیاندووە.

بەپێی دوایین ئامارەکان، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، ١٠ هەزار و ٦٠٠ کەس لە ئێران بە چەکی سارد کوژراون.