کوردستان/ لافاو، مینیش لەگەڵ خۆی دێنێ

16:52 - 7 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: جیا لە هەڕەشەکانی لافاو بۆ سەر گیانی خەڵک. هێنانی \"مینـ\"ـە پووچەڵ نەکراوەکانیش هەڕەشەیەکی دیکە بۆ سەر ژیانی خەڵکن.

چالاکانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە جێگوڕینی \"مینـ\"ـە پووچەڵ نەکراوەکان لە کوردستاندا، بە هۆی لافاو هۆشدارییان بە خەڵکی کوردستان داوە.

\"\"دوکتور فەراز فیرووزی‌مەندومی، خوێندکاری قۆناغی دوکتورا و چالاکی مافی مرۆڤ
دوکتور فەراز فیرووزی‌مەندومی، خوێندکاری قۆناغی دوکتورا و چالاکی مافی مرۆڤ، سەبارەت بەو بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسیویەتی: \"بەپێی زانیارییە بەردەستەکان و هاوکات لەگەڵ سەرڕێژبوونی ئاوی زرێباری مەریوان خەتەرێکی جیددیتر هەڕەشە لە دانیشتووانی گوندەکانی مەریوان، خاڵە سنوورییەکان و تەنانەت شاری مەریوان دەکات! لە پاڵ مەترسیی لافاو، خزانی هەزاران \"مینـ\"ـی پووچەڵ نەکراوەی سەردەمی شەڕی عێراق و ئێران هەڕەشەیەکی جیددیترە کە لەگەڵ تەوژمی لافاوەکان جێبەجێ دەبن و گیانی خەڵک بە شێوەیەکی بەرچاو دەخەنە مەترسییەوە\".

ئەم چالاکەی مافی مرۆڤ هەروەها وتوویەتی: \"ساڵانێکە حکوومەت جیا لە کەڵک وەرگرتنی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان بەئەنقەست خۆ لە پووچەڵکردنەوەی مینەکان دەبوێرێت. یەکێک لەو هۆکارانە دیاری نەکردنی سنووری نێوان ئێران و عێراق بەپێی پەیماننامەی ١٩٧٥ی \"ئەلجەزایر\" لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدایە. زۆرینەی خەڵکی ئەم ناوچانە وەرزێڕن و هەنگاو هەڵگرتن بەسەر زەوی و مڵکەکانیاندا کارەسات بەدی دێنێت. داواکارم بە ڕاگەیاندنی ئەم بابەتە پێش بە ڕوودانی هەرچەشنە کارەساتێک لەم بابەتەوە بگرن.\"

\"\"سەلمان زەند، ڕۆژنامەنووس
هەروەها ڕۆژنامەنووسێک بە ناوی \"سەلمان زەند\"، لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە: \"لافاو، \"مینـ\"یش لەگەڵ خۆی دێنێت. ئێرە سنووری عێراق و ئێرانە. هۆشداریی بەردەوام لەم ڕۆژانەدا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای ورمێ، پارێزگای سنە، کرماشان، ئیلام و خووزستان بە خەڵک دەدرا، بەڵام ڕێگای ڕووبەڕووبوونەوە لە ئارادا نییە، لافاو خاکەکە دەبات و مینەکان دێنێتە سەرەوە، تەنیا ڕێگای ڕووبەڕووبوونەوە خاوێن کردنەوەی سنوورەکانە کە نەکراوە.

لە ڕۆژی دووشەممە ٥ی خاکەلێوەوە، لافاو زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستانی گرتۆتەوە و ڕێکخراوی کەشناسی بە بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەک بە نیسبەت هاتنی لافاوەوە لە زۆرینەی شارەکانی ئێران و کوردستاندا هۆشداری داوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە وێبلاگی \"مین و زندگی\"، ٦٢ هاووڵاتی، بە هۆی تەقینەوەی مین لە ساڵی ٩٧دا کوژرا و بریندار بوون.

بەپێی ئەو ئامارە، ٦ کەس لە قوربانییانی مین لە ساڵی ٩٧دا، تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵ بووە و تەواوی قوربانییان، لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام، خووزستان و سیستان و بلوچستان بوون.