کوردستان/ سێ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەرکران

14:20 - 28 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتی و لیباس شەخسییەکان لە شارەکانی سنە و سەقز سێ هاووڵاتیی کوردیان دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە ئیتلاعاتی و لیباس شەخسییەکان لە شاری سنە دوو هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی \"عەلی ئەڵلاوەیسی\" تەمەن ٤٥ ساڵ خەڵکی گوندی \"کۆرکۆرە\"ی سەر بە سەڵواتئاوای پارێزگای سنە و \"میلاد ساعدپەنا\" تەمەن ٢٢ ساڵ لە یەکێک لە پارکەکانی شاری سنە دەسبەسەر کردووە.

عەلی ئەڵلاوەیسی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کردووە و هۆکاری دەسبەسەر کردنی میلاد ساعدپەنا هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ڕانەگەیەندراوە.

لە لایەکی دیکەوە بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد خەڵکی شاری سەقز بە ناوی \"سەعدون خەلیلی\" کوڕی بەها دانیشتووی گەرەکی \"کەریم ئاوا\"ی شاری سەقز لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکار یان هۆکارەکانی گیرانی ئەم هاوووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.

هەر لەوپەیوەند چەند ڕۆژ پێش، دوو هاووڵاتیی کورد، خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی \"کەریم سەیدزادە\" باوک و \"شارام سەیدزادە\" کوڕ، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت و دەسبەسەر کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، بە حوکمی یارمەتی گەیاندن بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان و هەروەها پشتیوانی لە دووکاندار و مانگرتووانی شاری بانە، بانگهێشت و دەسبەسەر کراون.

لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، سەرەڕای هێزە ئینتزامییەکان وەکوو ناوەندی فەرمی و بەرپرس لە دەسبەسەر کردن و بانگهێشت کردن، ڕێکخراوەکانی وەک ئیدارەی ئیتلاعات، سپا، بەسیج و هێزە خۆسەرەکان ناسراو بە لیباس شەخسییەکان کە سەر بەو ڕێکخراوە ئاماژەبۆکراوەن، دەسەڵاتی تەواویان لە دەسبەسەر کردنی هاووڵاتییان تەنانەت بەبێ بەڵگەی قەزایی هەیە.