کوردستان/ دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد درێژەی هەیە

16:08 - 2 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێکی نوێ لە بانگهێشت و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی کوردستان دەستی پێکردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕۆژانی چوار شەممە و پێنج شەممەی ڕابردوو، ٣٠و ٣١ پووشپەڕ، چوار هاووڵاتیی لە شارەکانی سەقز، شنۆ و سنە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارانەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کراون.

ڕۆژی چوار شەممە هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی \"فاروق پایمەرد\" کوڕی کەماڵ، لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراو بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی گەڕانەوەی لە شاری ورمێ بۆ شاری شنۆ دەستبەسەر کراو هەتاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لە مەڕ دەستبەسەر کردنی فاروق لە بەردەستدا نیە و ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بە بنەماڵەکەی خۆدەبوێرن.

هەروەها لە ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی دیکە، خەڵکی شاری سەقز بە ناوی \"ئامانج فەتحی\" تەمەن ٢٨ ساڵ کوڕی فەتحوڵڵا، لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

هەرلەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنچ شەممەی ڕابردوو، هاووڵاتییەکی دیکە سەقزی تەمەن ٢٩ساڵە بە ناوی \"ڕەسووڵ خزری\" کوڕی مستەفا لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە دەستبەسەر کرا.
ڕەسووڵ پیشەی مێعماریە و دانیشتووی شاری سەقزە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەیی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەستبەسەر کردن و شوێنی ڕاگرتنی ئەو دوو لاوە سەقزیە لە بەردەستدا نیە.

پێشتریش ئەو دوو هاووڵاتییە سەقزی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کرابوون کە بە دانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

هەروەها رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران بە ناوی \"شەریف ساعد پەنا\" ، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بانگهێشت و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

ئەو ئەندامەی لێژنەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، بە تۆمەتی بەشداری لە گلگشت و پشتیوانی لە \"جەعفەر عزیم زادە\" و هەروەها چاوپێکەتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و گرتنی وێنەی عەزیم زادە بانگهێشت کرابوو.

لێکۆڵەڕانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، لە کاتی لێکۆڵینەوەدا سەرەڕای گوشار هێنان بۆ ناوبراو، داویان لێکردووە بەلێننامە بدات کە چی دیکە لە هیچ کۆبوونەوەیەکی کرێکاری بەشداری نەکات.

بەم پێیە ڕێژەی ئەو هاووڵاتییانەی کە لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا لە شارەکانی کوردستان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە گەیشتووە بە ٤٠ کەس.