کوردستان/ دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد و ناڕوونیی چارەنووسیان

15:57 - 31 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتی_ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە کوردستان بە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، گوشاری زیاتریان خستووەتە سەر هاووڵاتییان و لەو پەیوەندییەدا، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان پاش دەسبەسەرکرانیان، چارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
شوناسی ئەو لاوە کوردە دەسبەسەرکراوە سەید \"جەماڵ سەفەووی\" خەڵکی شاری پیرانشار ڕاگەیاندراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە مەڕ هۆکاری دەسبەسەرکران و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نییە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی هەینی ٢٦ی گەلاوێژ، \"بێهنام ئیبراهیم‌زادە\"، چالاکی کرێکاری و مافی منداڵان لە لایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری کرماشان دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ئەو چالاکە مەدنییە کوردە، لە کاتی یارمەتی گەیاندنی بە لێقەومانی بوومەلەرزلێدراوەکانی شاری سەرپێڵی‌زەهاو دەسبەسەر و هەتا ئێستا چارەنووسی ناروونە.

ئەو چالاکە کرێکارییە خەڵکی شاری شنۆ و دانیشتووی شاری تارانە.
هەر لەو پەیوەدنییەدا، لاویكی کورد خەڵکی شاری کامیاران ڕۆژی ڕابردوو ٣٠ گەلاوێژ، لە سەر چوارڕێیانی ئەو شارەوە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ناوی \"ئومید ئەسەدی\" کوڕی محەممەد خەڵکی شاری کامیاران ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ئەو کورەکەیان، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک خۆدەبوێرن.

بە وتەی ئەو سەرچاویە، بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بێئاگایی خۆیان لە هۆکاری دەسبەسەرکرانی کوڕەکەیان دەربڕیووە.