کوردستان/ دوو هاووڵاتیی کورد ئێعدام کران

14:07 - 17 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی ئێعدام کردنی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە زیندانی ناوەندیی شارەکانی کرماشان و سەڵماس دوو هاووڵاتیی لەسێدارە دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ١٢ی شەوی سێ‌شەممە ١٦ی سەرماوەز، حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەک لە زیندانی ناوەندیی شاری سەڵماس لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بەڕێوەچوو.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە، \"عەلی چارتاق\" کوڕی بایرام، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لە گوندی\"قەزڵ کەند\"ی شاری سەڵماس ڕاگەیەنراوە.

ئەو زیندانییە کوردە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی بە تاوانی کڕین و فرۆشتنی مادەی سڕکەر دەستبەسەر و لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سەڵماسەوە حوکمی ئێعدامی بۆ بڕایەوە.

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا باس لەوە دەکات کە، ڕۆژی سێ‌شەممە عەلی چارتاق بۆ بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدامەکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی سەڵماس کراوە.

ئەو ڕاپۆرتە لە درێژەدا ئەوەشی خستەڕوو؛ بەرپرسانی زیندان بە بنەماڵەی ئەو زیندانییە تەمەن ٣٢ ساڵەیان ڕاگەیاندووە کە؛ دەتوانن بۆ دوایینجار چاویان بە کوڕەکەیان بکەوێت.

\"38277.jpg\"
عەلی چارتاق
ڕاپۆرتەکە هەروەها دەڵێت: عەلی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی لەگەڵ چوار هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی گوندی قەزڵ کەند بە تاوانی کڕین و فرۆشتنی مادەی سڕکەر دەستبەسەر کرابوون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەو چوار هاووڵاتییە دەستبەسەر کراوەی دیکە پێشینەی چالاکیی سیاسییان هەبووە، بەڵام لایەنە دەست و پێوەندییدارەکانی حکوومەتی لە شاری سەڵماس بۆ ئەوەی پەردەپۆشی هۆکاری دەستبەسەرکردنەکە بکەن، ئەو چوار هاووڵاتییەیان بە تاوانی کڕین و فرۆشتن مادی سڕکەر دەستبەسەر کردووە.

سامی مامەندی، بەختیار خالیدی، شۆڕش فاروقی و ئیرەج حامیدی ناوی ئەوە چوار هاووڵاتییە کوردە بوو کە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا نزیکەی یەک مانگ پێش، هەواڵی ئێعدام کردنی ئەوانی بڵاوکردەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی\"عەلی ئەکبەر کەرەمی\" بە تاوانی قەتل لە زیندانی دێزڵئاوای شاری کرماشان ئێعدام کراوە.

عەلی ئەکبەر کەرەمی خەڵکی شاری کەنگاوەر سەر بە پارێزگای کرماشانە و ساڵی ٩٢ی هەتاوی بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی لەگەڵ ئامۆزایەکی خۆی تووشی کێشە دەبن و بەو هۆیەوە ئامۆزاکەی خۆی دەکوژێت.

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا(٢٠١٥) لە نێوان ٩٦٦ هەتا ١٠٥٤ حاڵەتی ئێعدام لە ئێران ڕوویداوە، کە ئەو ڕێژەیە بەرزترین ڕیژەی ئێعدام لە ئێران لە دوو دەیەی ڕابردوودا پیشان دەدات.

لینکی پەیوەندیدار:
دوو هاووڵاتیی کورد لە شاری سەڵماس ئێعدام کران
هاووڵاتییەکی کورد لە شاری سەڵماس لە سێدارە درا