کوردستان/ دوو هاووڵاتیی لە شارەکانی مەهاباد و دیواندەڕە کۆتایان بە ژیانی خۆیان هێنا

14:49 - 22 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی خۆکوژییەکان لە نێو هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، دوو هاووڵاتیی دیکە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی پووشپەڕ، یەکێک لە فەرمانبەرانی شارەداری شاری مەهاباد بە هۆکاری نادیار لە شوێنی کارەکەی خۆیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە\"هەڵمەت. ک\" ڕاگەیەندراوە و لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە لە بینا \"بابا شێخی\" ئەو شارە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەتا ئێستا هۆکاری خۆکوژی ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام هێندێک لە سەرچاوە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن، ئەگەری زۆرە خۆکوژی ئەو هاووڵاتییە کوردە پەیوەندیی بە کێشە ماڵی و وەرنەگرتنی پارەی فەرمانبەران و کرێکارانی ئەو شارەداریەوە هەبێت کە بۆ ماوەی پێنج مانگە پارەیان وەرنەگرتووە.

هەر لەو پەویەندییەدا، شوڕای شاری مەهاباد بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردووتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی پووشپەڕ، بەرپرسی شوڕای شارەداریی شاری مەهاباد دەست لە کارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاندبووە.

سەرچاوەکان باس لە قەرزداربوونی ٧٠ میلیارد تمەنی ئەو ئیدارە حکوومەتییە دەکەن.

هەر لە پوەیوەندیی لەگەڵ خۆکوژی لە کوردستان، هاووڵاتییە خەڵکی شاری دیواندەڕە سەر بە پارێزگای سنە لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە \"میلاد.ب\" تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی گوندی\"ڕەشی ئاوای\" شاری دیواندەڕە ڕاگەیاندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند،\" میلاد دەزگیراندار بووە و لە کاتی مێوانی لە ماڵی پووری لە شاری سنە دەستی داوەتە خۆکوژی.

هەنوکە هۆکاری خۆکوژی ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕانەگەیەندراوە.

لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ڕێژەی خۆکوژی هاووڵاتییان بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر ڕووی لە زیادبوون کردووە، کە ناوەندە حکوومەتییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ هۆکارەکانی ئەو خۆکوژییانەدا بچووکترین هەڵوێستیان نەنواندووە.