کوردستان/ دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئیلام و بۆکان ئێعدام کران

16:02 - 17 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، حوکمی لە سێدارەدانی هاووڵاتییەکی کوردی جێبەجێ کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە ١٧ی گەلاوێژ، بەرپرسانی زیندانیی ناوەندیی شاری ورمێ حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی کوردیان بە تۆمەتی \"کوشتنی بە ئەنقەست\" لە زیندانی ئەو شارە بەڕێوەبرد.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی \"ئیبراهیم ئەریسی\" خەڵکی میرئاوای شاری بۆکان ڕاگەیاندووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو.

دەوترێ، ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی ڕابردوو، بۆ جێبەجی کردنی حوکمەکەی ڕەوانە ژووری تاکەکەسی لە زیندانیی ناوەندی شاری ورمێ کرابوو.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە کە، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی پێنج ساڵ زیندانیی بوونیدا، ئەو تۆمەتی بە ئەستۆ نەگرتووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، ١٧ی گەلاوێژ، بە حوکمی دەزگای قەزایی دیوانی باڵای وڵات لە شاری ئیلام حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی دیکە لەو شارە جێبەجێ کرا.

هەرچەند شوناسی ئەو هاووڵاتییە هەتا ئێستا ڕانەگەیەندراوە، بەڵام دەزگای قەزایی لە سێدارەدانی ئەو هاووڵاتییەی کوردەی بە تۆمەتی \"کوشتنی کەسێکی دیکە بە سیلاحی گەرم\" ڕاگەیاندووە.

پێشتر، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بڵاوی کردبووە، دادگاکانی ئینقلاب لە ئێران حوکمی ئێعدامی بۆ ٥٣٠ هاووڵاتیی ئێرانی بڕیوەتەوە و ئەو حوکمەش جێبەجێ کراوە.