کوردستان/ دوو هاووڵاتی لە شارەکانی بانە و مەریوان کوژران

14:55 - 20 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: ئەندامێکی پێشووی شوورای شاری بانە لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە تەقەی لێ دەکرێ و لە ئاکام دا دەبێتە هۆی گیان لە دەست دانی ئەو هاووڵاتییە کوردە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دوو شەممە ١٩ی پووشپەڕ، ئەندامێکی پێشووی شوورای شاری بانە و ئەندامی جێگیری دەوری پێنجەمی ئەو شوورایە بە هۆکارێکی نادیار کوژرا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ناوی \"ئەنوەر ڕۆستەمی \" ڕاگەیەندراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە مامۆستای خانەنشین کراو بوو و هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی شیفا گوستەری شاری بانە بووە کە لە بواری تەرک کردنی ماددە هۆشبەرەکان چالاک بووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری کوژرانی گوماناوی ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕوون نەبۆتەوە و لایەنە حکوومەتییەکانیش لەو ڕووداوە دا بێ دەنگییان هەڵبژاردووە.

هەروەها لە هەواڵێکی هاوشێوەدا، هاووڵاتییەکی کورد تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی شاری مەریوان بە چەکی ڕاو (تاپڕ) لە بەر دەرکی ماڵەکەی خۆیدا کوژرا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کورد بە\"سامان ڕۆشناس\" کوڕی حوسێن تەمەن ٢٨ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

هەواڵدەریی تەسنیم نزیک لە سپای پاسداران لەو بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە کە؛ ئەو ڕووداوە بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی بووە و شوناسی بکوژەکەی بە\"سامان کیاهی\" ڕاگەیاندووە.

پێشتریش بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی لە شارەکانی سەڵماس و ئیلام چەند هاووڵاتییەک کوژرا بوون.