کوردستان/ دوو لاوی کورد کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا

13:45 - 8 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: خۆکوژی هاووڵاتییان لە کوردستان بەردەوامە و لە دوو، سێ ڕۆژی ڕابردوودا، لە شاری سەقز، تیکاب و جوانڕۆ کچێک و دوو کوڕی لاو کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٧ی ڕێبەندان، لاوێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بە هۆکاری نادیار هەوڵی خۆکوژی دا.

شوناسی ئەو لاوە تەمەن ٢٧ ساڵەیە بە ناوی\"م.ت\" ڕاگەیەندراوە و ئەو ڕووداوە لە ناوچەی ١٧ی خەرمانانی شاری تیکاب ڕوویداوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری خۆکوژی ئەو لاوە کوردە نەزرانراوە و دەوترێ، لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بە خۆکوژی ئەو لاوە کوردە ئەمە هەفتەمین خۆکوژیی هاووڵاتییانی کوردە لە شاری تیکاب ڕوو دەدات.

لە لایەکی دیکەوە، لاوێکی تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوی\"دیاکۆ بهرووجە\" کوڕی ساڵح دانیشتووی شاری جوانڕۆ، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە، ئەو لاوە کوردە تەمەن ١٧ ساڵە یاریزانی تیمی تۆپی پێی\"توحید\"ی شاری ڕوانسەر بووە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی هەینی ٦ی ڕێبەندان، کچێکی لاوە لە ناوچەی \"زێویە\"ی شاری سەقز بە ناوی\"کەژاڵ.ح\" تەمەن ٢٨ ساڵ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.