کوردستان/ ١٧ حاڵەتی خۆکوژی لەسەرەتای ساڵەوە و مەرگی کچە خوێندکارێکی ئیلامی

13:25 - 16 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی ئیلامی بە هۆکارێکی ناڕوون هەوڵی خۆکوژی داوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مریەم کەریمی تەمەن ٢٣ ساڵ و خوێندکاریی تێرمی شەشی رشتەی بێهداشت لەزانکۆی ئیلام کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

دەوترێت ئەو کچە لەخەوتنگەی \" زینب\"ی شاری ئیلام هەوڵی خۆکووژی داوە.

هاوڕێیەکانی مریەم کەریمی رایانگەیاندووە، ئەو کچە هیچ جۆرە نەخۆشییەکەی دەروونی و رەوانی نەبووە.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە هۆکاری خۆکوشتنی ئەو کچە روون نەبووەتەوە.

بە وتەی شارەزایانی کۆمەڵناسی، هۆکاری چوونە سەری خۆکووژی لەنێو خوێندکاراندا دەگەرێتەوە بۆ ئەو فشارە کۆمەڵایەتیانەی کە لەسەریانە.
بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای ساڵی تازەوە هەتا ئێستا ١٧ هاووڵاتی کورد لەناوچەکوردنشینەکانی ئێران بەهۆکاری جۆراوجۆر کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.