کوردستان/ ئاماری خۆکوژیی هاووڵاتییانی کورد لە ئەمساڵدا گەیشتە ٣٠ کەس

16:03 - 1 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: بە خۆکوژی کچیکی لاوی خەڵکی \"تازاوای\" سەلاسی باوەجانی، ئاماری خۆکۆژییەکان لە کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتە ٣٠ کەس.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە ٣١ی جۆزەردان، ژنێکی تەمەن ٢٠ ساڵەی خەڵکی تازاوای سەلاسی باوەجانی بە هۆکاری نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەم راپۆرتە باس لەوە دەکات کە ئەو ژنە، دووگیان بووە و لە رێگای خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەر لەم پێوەندییەدا بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا، پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد بە هۆکارگەلی جۆراوجۆرەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندەی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٣٠ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە هۆکاری جۆراوجۆر خۆکۆژییان کردووە و گیانیان لە دەستداوە.

لەم چەند مانگەی دواییدا ئاماری خۆکوژی لە کوردستان بەرزبوونەیەکی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە بەڵام لەو پەیوەندییەدا ناوەندە حکوومەتییەکان هیچ هەڵوێستێکیان لە مەڕ هۆکار و پاڵنەرەکانی خۆکوژی و بەرزبوونەوەی ئاماری خۆکوژییەکان لە خۆ نیشان نەداوە.

دەستکورتی و بێکاری و نەبوونی دەرفەتی کار لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژی هەژمار دەکرێن.