کوردستان یادی شەهیدانی ژینگە بەرز ڕادەگرێت

14:41 - 4 خەرمانان 2719
ئاژانسی کوردپا: بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی شەهیدانی سەوز، ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار، کۆڕیادێکیان بەڕێوەبرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی خەرمانان، بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی شەهیدانی ژینگە، کاک \"شەریف باجوەر\" و سێ هاوڕێکەی دیکەی، کۆڕیادێک لە لایەن ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشارەوە بەڕێوەچوو.

ئەم کۆڕیادە لە چیای نەورۆزی پیرانشار ڕێکخرا و بە بەشداریی بەرچاوی چالاکان و هاونیشتمانییان پێشوازیی لێکرا.

کۆڕیادەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی ژینگەی نیشتمان دەستی پێکرد. پاشان لە لایەن \"ئیسماعیل سەید شوکری\"، پەخشانێکی بەپێز پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

دواتـر لە لایەن \"عوسمان حەسەنزادە\" پارچە شێعرێک خوێندرایەوە و لە لایەن \"سۆران مەحموودی\" وتار و پەیامی ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار پێشکەش کرا کە پەیامەکە بریتی بوو لە دوو بەش و بەشی یەکەم باس لە ژیانی کاک \"شەریف باجوەر\" و هاوڕێیانی کرد و بەشی دووەم بە چۆنیەتی و حاڵەتی ژینگەی کوردستان تەرخان کرا.

دواتر لە لایەن مامۆستا \"هێرش\" دوو پارچە شێعر ئاراستەی بەشداربووان کرا.
هەروەها \"موحسین مستەفاپوور\"، پەیامی ئەنجوومەنی شانۆی شاری پیرانشاری پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆڕەدا، \"ئاوارە فەرۆخی\"، ئەندامی ژینگەپارێزانی پیرانشار، پەخشانێکی خوێندەوە.

دواتر لە لایەن خاتوو \"بێگەرد مورادی\"، شێعر و پەخشان و گۆرانییەکی کرمانجی پێشکەش بە ڕۆحی پاکی شەهیدان کرا.

لە نێوئاخنی ڕێوڕەسمەکەدا، لە لایەن \"چریکە\"وە، شێعرێکی مامۆستا \"هەژار\" خوێندرایەوە.

پاشان خەڵاتی وانەبێژی و ژینگەدۆستیی ڕێکخراوەی ژینگەپارێزان، لە لایەن \"سەید قادر پاکنەهاد\"، پێشکەشی \"فەریبا ئەبووبەکری\" کرا.

لە کۆتایی کۆڕیادەکەدا، بە بۆنەی چوار شەهیدی ژینگەپارێزیی شاری مەریوان، ٤ نەمام لە لایەن بەشداربووانەوە، لە چیای نەورۆز چێندران.