کوردستان کەمترین بەشداریی لە هەڵبژاردنی شانۆییدا کرد

11:46 - 3 رەشەمه 2719

سەرەڕای بانگەشەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و پاڕانەوەی بەرپرسانی حکوومەتی، لە سەرەوەی هەمووان "عەلی خامنەیی" ڕێبەری نیزام، خەڵکی کوردستان وڵامی نەرێنییان دا بە هەڵبژاردنی شانۆیی ١١یەمین خولی مەجلیس.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و هەروەها بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خەڵکی کوردستان وڵامێکی نەرێنییان بە بانگەشەکانی  بەرپرسانی حکوومەت و هەروەها پڕوپاگەندەی نوێنەرانی مەجلیس بۆ هەڵبژاردن دایەوە و کەمترین ڕێژەی بەشداربوونیان هەبووە.

لە زۆربەی شارەکانی کوردستان خەڵک بە کەمی بەشداریی کردووە و تەنانەت لە گوندێکی ٣ هەزار کەسی یەک کەس دەنگی داوە.

کرماشان؛ بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەشداریکردنی هاووڵاتییانی کرماشانی سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢ی ڕەشەمە تەنانەت خوارەوەی ١٠ لەسەد بووە و دواتر لایەنگەرانی نوێنەرانی مەجلیس دەستیان بە کڕینی دەنگەکان کردووە و بە هەر دەنگێک ١٠٠ هەزار تمەنیان دابوو.

کامیاران؛ سەرەڕای بەدواداچوونی هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا، ٥ شوێنی دەنگدان چۆڵ بووە و خەڵک بەشداریی لە دەنگداندا نەکردووە.

سنە؛ بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان، لە شاری سنە سەرەڕای بەشداریی کەمی خەڵک، لایەنگەرانی "مەهدی فەرشادان" دەستیان بە کڕینی ناسنامە کردووە و هەر ناسنامەیەکیان بە ٥٠٠ هەزار تمەن کڕیوە. هەروەها لە گوندێکی ٣٠٠٠ هەزار کەسی وەک گوندی تەنگیسەر لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، یەک دەنگ خراوەتە نێو سەندووقی دەنگدان.

مەریوان؛ بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، لە شاری مەریوان خەڵک بە کەمی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان کردووە و دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٢ی ڕەشەمە، بۆ هەر ناسنامەیەک ١٠٠ هەزار تمەن پارەیان داوە بۆ دەنگدان.

هەروەها، لە گوندی ڕەزاوی سەوڵاوا، یەک دەنگدەر هەبووە. بەپێی ئامارەکان، مەریوان، سەوڵاوا و شاری هەورامانی تەخت ٢٠٠ هەزار دەنگدەری هەیە، بەڵام بەپێی ئامارە بڵاوبووەکان حکوومەت، زۆرترین بەربژێری ئەو شارە ٧ هەزار دەنگی هەبووە.

شارەکانی جوانڕۆ، پاوە، ڕوانسر و سەلاسی باوەجانی کە دەنگدەرانیان دەگاتە ١٦٥ هەزار کەس، ڕێژەی خەڵک لە دەنگدان و چوونە سەر سەندووقی دەنگدان زۆر کەم بووە.

شنۆ؛ بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، سەرەڕای هێنانی ژمارەیەک لە هێزە نیزامییەکان لە سێڕێیانی سەرگیز و حەسەن نووران، زۆربەی هەر زۆری بنکەکانی دەنگدان چۆڵ بووە و تەنانەت دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەت لە گوندی بالاگیر، لە ترسی گاڵتەپێکردنی هاووڵاتییان ڕۆیشتوونەتە گوندەکانی دەوروبەر بۆ دەنگدان.

پیرانشار؛ بەپێی وێنەیەک کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاو بووەتەوە، لە گوندی دێڵزێی ئەو شارە، تەنیا چاوەدێری سەندووقەکان دیارە و تەنانەت نێو سەندووقەکە بەپێی وێنەکەی، کەمتر لە چەند دەنگی تێدایە.

سەردەشت؛ هەروەها بەپێی هەواڵێک کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاو کرابووەوە، لە گوندێکی ٣ ماڵی لە شاری سەردەشت، ١٢٩ دەنگ دراوە کە ئەمەش نیشانەی ساختەکاری و پڕکردنەوەی سەندووقەکانی دەنگدان بووە.

هەروەها لە هەندێک لە گوندەکانی کرماشان، خەڵکی گوندەکان پێشیان بە مەئموورانی حکوومەتی بۆ کۆکردنەوەی دەنگ گرتووە و ئیزنی چوون بۆ نێو گوندەکانیان بە مەئمووران نەداوە.

سەقز و بانە؛ لە سەقز سەرەڕای کەمیی بەشداریی هاووڵاتییانی ئەو شارە لە دەنگدان، تەنانەت لە نێوان لاینگەرانی یەکێک لە بەربژێرکان و لایەنگەرانی "موحسین بیگلەری" شەڕ و دەمەقاڵێ لەسەر دەنگدان هاتووەتە ئاراوە و هەروەها لە بانە سەرەڕای چۆڵبوونی بنکەکانی دەنگدان، بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەنانەت چاوەدێرانی سەر سەندووقەکان و مەئمووران لە خەڵک دەپاڕانەوە کە دەنگ بدەن.

هەروەها، گوندی "واژە" هەڵکەوتوو لە نێوان بانە و بۆکان کە بە تەواوەتی چۆڵ و خاپوور کراوە، ٢٧٠ دەنگیان بۆ ئەژمار کردووە.