کوردستان؛ ڕووداوی کار گیانی دوو کرێکاری ئەستاند

14:07 - 16 جۆزەردان 2721

دوو کرێکاری کورد خەڵکی شارەکانی سەردەشت و سەقز، بەهۆی ڕووداوی کار گیانیان لەدەست دا.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی جۆزەردان، کرێکارێکی کورد بە ناوی "دانیال ئیبراهیمی" بەهۆی بەرکەوتنی جەرەسەقیل لە کابڵی بەرق، تووشی تەزویی بەرق بوو و گیانی لەدەست داوە.

ئەو ڕووداوە لە گوندی "قەلەڕەشە"ی شاری سەردەشت ڕووی داوە.

ئەو کرێکارە کوردە، پێش لە ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دابوو.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە ١٥ی جۆزەردان، کرێکارێکی سەقزی بە ناوی "عوسمان دیدار" تەمەن ٣٧ ساڵ، بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی لە کاتی کارکردن، بریندارببوو.

ئەو کرێکارە کوردە، چەند ڕۆژ پێش، تووشی ئەو ڕووداوە هاتبوو، کە بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە، ڕۆژی ڕابردوو، گیانی لەدەست دابوو.