کوردستان، پیاوێکی ٤٥ ساڵە لە نێو ئاودا خنکا

14:33 - 22 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢١ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی پیاوێکی ٤٥ ساڵە، لە کاتی مەلە کردن بە هۆی ناشارەزابوونی، لە بەنداوی تەڵواری بیجاڕ خنکا.


تا ئێستا شوناسی ئەم هاووڵاتییە ناڕوونە.

بەنداوی تەڵوار لە ٢٠ کیلومێتری شاری بیجاڕ هەڵکەتووە، کە خەڵکی ئەو شارە و دەوروبەری لە وەرزی هاوینان بۆ مەلەکردن ڕووی تێدەکەن، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی ئەو شارەوە بۆ پاراستن و ڕزگار کردنی کەسانێک کە تووشی ڕووداوی نەخوازراوی وەک نوقم بوون دەبن، هیچ تیمێکی ڕزگاریدەر لەو شوێنە گەشتیارییە دانەنراوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ئەم کەسە کە نزیک ئێوارەی ئەو ڕۆژە تووشی ئەم ڕووداوە نەخوازراوە دەبێت، پاش ٢ کاتژمێر کە هەوا بەتەواوەتی تاریک بووە تیمی مەلەوانی ئاگرکوژێنەوە خۆیان بەو شوێنە دەگەینن، کە بە هۆی تاریکی ناتوانن هیچ کارێک بکەن و گەڕان بە دوای تەرمەکەی ڕۆژێک دواتر دەست پێ دەکات.

ڕووداوی خنکانی هاووڵاتیانی کورد بە هۆی ناشارەزا بوونیان لە مەلە کردندا و نەبوونی تیمی ڕزگاریدەر لەو شوینانەی کە لە وەرزی هاوینان هاووڵاتیان ڕووی تێدەکەن، لە ئەمساڵدا گیانی ١٤ کەس لە هاووڵاتیانی کوردی گرتووە.