کوردستان و حەفتەیەک کەش و هەوای ملیتاریزەکراو

15:37 - 26 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی یەک حەفتەی رابردوودا و پاش خۆپیشاندانی هاووڵاتییان دژی مەرگی گوماناوی فەریناز خوسرەوانی لە مەهاباد و پشتیوانیی شارەکانی دیکەی کوردستان، دۆخی کوردستان لە ماوەی یەک حەفتەی رابردوودا لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە، میلیتاریزە کرابوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ، کوبوونەوەی هاووڵاتیانی مەهابادی لەبەردەم هوتێل تارا بە دەستێوەردانی هێزە حکوومەتییەکان توندوتیژیی لێکەوتەوە.

هاووڵاتییانی مەهابادی لەو کۆبوونەوەیەدا، خوازیاری دادگایی کردنی تاوانباران و دەست و پێوەندییەکانی مەرگی فەریناز خوسرەوانی بوون.

ئەو کۆبوونەوەیە بەشێوەی ئاشتیخوازانە دەستی پێکردبوو، بەڵام بە بوونی هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەکان و هەڵسوکەوتی توندی ئەوان، کۆبوونەوەکە بەرەو توندوتیژی کێشرا.

لەو ناڕەزایەتییانەدا ٢٣ کەس بریندار بوون و یەکێک لە برینداران بە هۆی قووڵیی برینەکەی بۆ نەخۆشخانەی شاری ورمێ راگوێزرا.

پاش خۆپیشاندانەکانی مەهاباد، هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکان بەشێوەی رێکخراو، دەستیان بە گرتنی هاوڵاتییانی مەهاباد کرد و دەیان کەس لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کران.

ژمارەیەک لەو دەستبەسەرکراونە لەناو ماڵەکەی خۆیاندا دەستبەسەر کران و لەگەڵ هێرشی هێزە ئەمنیەتییەکان بەرەوڕوو ببوونەوە.

بە وتەی شایەتحاڵان، ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران بە گوللەی ساچمەی لێیاندراوە و هێندی لە بریندارەکانی زیاتر لە ٤٠ ساچمەیان بەرکەوتووە.

شوناس و ناوی لەسەدا ٣٠ی دەستبەسەرکراوان و بریندارانی خۆپیشاندانەکانی کوردستان لەبەر دەستی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا دایە، بەڵام بە لەبەر چاوگرتنی ویستی بەشێک لە بنەماڵەکان، ناوەکانیان بڵاو ناکرێتەوە.

پێشتریش ژمارەیەک لە ناوەکان لە میدیاکان بە شێوەی تەییدنەکراو، بڵاو کرابوویەوە.

شایەتحاڵان دەڵێن، ژمارەی برینداران زۆر لەو ژمارەیەی کە راگەیەندراوە زیاترە و بریندارەکان بە هۆی ترسیان لەدەستبەسەرکردنیان سەردانی ناوەندە دەرمانییەکانیان نەکردووە.

بەوتەی یەکێک لە خزم و کەسە نزیکەکانی یەکێک لەدەستبەسەرکراوەکانی شاری مەهاباد، ژمارەیەک لە بنەماڵەکان لە کاتی بەدواداچوون بە مەبەستی چارەنووسی رۆڵەکانیان، لەگەڵ داواکاریی دانی ٥٠ میلیۆن تمەن بەرەڕوو ببوونەوە.

شارەکانی دیکەی کوردستانیش وەکوو سەردەشت و سنە شایەتی دەستبەسەرکران و هەڵسوکەوتی توندی هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکان بوون.

هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی پێشگری لەبەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، دۆخی زۆربەی شارەکانی کوردستان بۆ وێنە ورمێ، مەریوان، سەقز، سنە و بۆکانیان میلیتاریزە کردبوو.

سەرەڕای کەش و دۆخی ئەمنیەتی لە کوردستان، هاووڵاتییانی شاری سەردەشت کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بۆ پشتیوانی لە مەهاباد بەڕێوە برد.

لەلایەکی دیکەوە و لە پەراوێزی ناڕەزایەتییەکاندا، ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد هەڕەشەی لە بنەماڵەی فەریناز خوسرەوانی کردبوو و پێیان راگەیەندرابوو کە بۆیان نییە لێدوان بۆ هیچ میدیایەک لێبدەن.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش بەیاننامەیەکی سەبارەت بە رووداوەکانی مەهاباد دەرکردبوو و رایگەیاندبوو، ئێران پێشینەی دوور و درێژی لە سەرکوتەکاندا هەیە.

لە بەیاننامەکەدا هاتبوو، ئێمە بەپێی هێندێ بەڵگە دەتوانین بیسەلمێنین کە ئێران پێشینەی مێژوویی لە سەرکوتی ناڕازییاندا هەیە و هەر بۆیە پێویستە ئێران بە جێگای سەرکوت کردن، بەدوادچوون بۆ مەرگی گوماناویی فەرینازدا بکات.

هەر لەو پێوەندییەدا ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردستان لە بانگەوازێکدا داوایان لە خەڵکی کوردستان کرد کە رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕ مانگرتنی گشتی بەڕێوە ببەن.

یەکێک لە رێکخەرانی مانگرتنەکە بە هەواڵدەریی کوردپای راگەیاندبوو، ئامانجی ئێمە راکێشانی سەرنجی بیروڕای گشتیی نێوخۆ و دەرەوە بۆ پرسی ئاشتیخوازبوونی کوردە.

پاش ئەو بانگەوازە لە شارەکانی سنە و مەهاباد بە شێوەی رێژەیی مانگرتنەکە بەرچاو دەکەوت.

لە مەریوانیش ژمارەیەک لە دووکانەکان داخرابوون و کەش و دۆخی ئەمنیەتیش بە شارەکەوە دیار بوو.

هەر لەو پێوەندییەدا ژمارەیەک هێزی تایبەت لە و\'\'رمێ\'\'وە بۆ مەهاباد راگویزرابوون و لە حەوشەی پادگانی سوپای پاسداران خێوەتیان هەڵدابوو.

دوابەدوای چوونەسەری ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان، رادفەر جێگری سیاسی ـ ئەمنیەتی ئوستانداریی ئازەربایجانی رۆژئاوا رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ دەستدرێژی بۆسەر فەریناز خوسرەوانی رەت کردبوویەوە.

ئەو لێپرسراوە لە بەشێک لە قسەکانیدا باسی لە سووتاندنی هوتێل تارا کردبوو و ئەوەشی خستبوویەڕوو کە ئەو هەڵسوکەتەی هاووڵاتییان جێگای تێڕامانە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا جێگە و پێگەی ئابووریی مەهاباد دەباتە ژێر پرسیارەوە.

رادفەر، حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەی بە هاندانی خەڵک تۆمەتبار کردبوو و وتبووی ئەو حیزبانە لە رێگەی میدیاکانەوە رێڕەوی خۆپیشاندانەکانیان گرتووەتە دەست.

ژمارەیەک لە چالاکان و شارەزایانی سیاسی لەو باوەڕەدابوون، ئەو قسانە تەنیا بۆ ئەوەیە کە حکوومەت لە سەرکوتکردنی هاووڵاتییان و خۆپیشاندەراندا دەستی ئاواڵەتر بێت.

قادر سوهرابیش پێشنوێژی هەینی مەهاباد، خۆپیشاندەرانی بە کەسانەی \"هەلپەرەست و ئاژاوەگێڕ\" ناو بردبوو.

ئەو قسانەی سوهرابی کاردانەوەی هاووڵاتییانی لێکەوتەوە و نوێژی هەینی رۆژی رابردوو بە بەشداریی زۆر کەمی خەڵک بەرەوڕوو بوویەوە.

\"26558.jpg\"

\"26561.jpg\"

\"26559.jpg\"

\"26560.jpg\"