کوردستان؛ لەسێدارەدانی دوو هاووڵاتی لە کرماشان و مەترسیی لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی مەریوانی

10:48 - 23 رەزبەر 2721

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە هەواڵی لەسێدارەدانی هاووڵاتییان لە کوردستان و ئێران ڕووماڵ دەکات، باسی لە لەسێدارەدانی دوو زیندانی بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" کە بە "قیساس" مەحکووم کرابوون لە زیندانی دێزڵاوای شاری کرماشان، کرد.

 ئەو سەرچاوە مافی مرۆییە، شوناسی یەکێک لەو دوو زیندانییە لەسێدارەدراوەی بە ناوی "محەممەد لەتیفی"، تەمەن ٢٣ ساڵ، ڕاگەیاندووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، هەرچەند شوناسی ئەو هاووڵاتییەکەی دیکەی بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام لە زمانی سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو هاووڵاتییە لەسێدارەدراوە، خەڵکی شاری شابادی سەر بە پارێزگای کرماشانە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لەسێدارەدانی ئەو دوو هاووڵاتییە، لەلایەن میدیا حکوومەتییەکانەوە، بڵاو نەکراوەتەوە.

 پێشتریش و لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی ڕەزبەر، حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەک بە ناوی "ماشەڵڵا سەبزی" بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان، جێبەجێ کرا.

 لە لایەکی دیکەوە هەمان سەرچاوە لە هەواڵێکی دیکەدا، باسی لە مەترسیی لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی مەریوانی بە ناوی "تالیب هیجرەتی‌پوور"، تەمەن ٣٣ ساڵ، کوڕی محەممەد و خەڵکی گوندی "بەردەڕەشانـ"ـی مەریوان لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە، کرد.

تالیب هیجرەتی‌پوور باوکی دوو منداڵی کەم تەمەنە و بەرپرسانی زیندانی سنە بە ئەو زیندانییەیان ڕاگەیاندووە کە لە کۆتاییەکانی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ، حوکمی لەسێدارەدانی جێبەجێ دەکرێت.