کوردستان لە شڵەژان دایە/ دەنگی تەقە لە مەریوان و شنۆ بیستراوە + تەکمیلی

18:30 - 18 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی یەگانی تایبەت لە بۆکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و هەروەها تێکڕای دەست و پێوەندییەکانی سەربە حکوومەت بۆ هاوکاریی هێزە نیزامییەکان رێکخراون.

بەپێی راپۆرتەکانی هەواڵنێرانی ئاژانسی هەواڵدەیی کوردپا لە شارەکانی کوردستان، بارودۆخی ئێستای شارەکانی سەقز و بۆکان نائاسایی‌یە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی یەگانی تایبەت لە شاری شاهین‌دژەوە رەوانەی شاری بۆکان کراون.

تەکمیلی: سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویان کردووەتەوە، کە ژمارەیەک لە دەست و پێوەندییەکانی سەربە سپای پاسداران وەکوو هێزی پشتیوان لە ئەگەری تەشەنە سەندنی نائارامییەکان لە بۆکان رێکخراون.

تەکمیلی ١: نوێترین هەواڵەکان، باس لە میلیتاریزەکرانی پیرانشار دەکەن.

تەکمیلی ٢ ــ سەقز: هەواڵنێری کوردپا رایگەیاند: سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ شاری سەقز لەگەڵ هێزی یەگانی تایبەتی سەربە هێزی ئینتزامی و سپای پاسداران تەنراوە و حاڵەتێکی نائاسایی بەخۆیەوە گرتووە.

چالاکانی فەرهەنگی و \'\'مەدەنی\'\'ی شاری سەقز چەشنی شارەکانی دیکەی کوردستان داوایان لە خەڵکی ئەو شارە کردووە کەلە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکاندا بەشدار بکەن.

تەکمیلی ٣ ــ مەریوان: بەپێی راپۆرتەکان هێزەکانی یەگانی تایبەتی حکوومەتی لە چوارڕێیانی شەبەرەنگ لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە تەقەیان لێ کراوە. هەواڵنێری کوردپا لە مەریوان بیستنی دەنگی تەقەی پژڕاست کردووەتەوە، بەڵام هەتا ئێستا کاتژمێر ١٨:٥٠ خولەک بە کاتی تاران، هەواڵی تەقەکران لە هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لەلایەن ئاژانسی کوردپا تەیید نەکراوە.

ژمارەیەک چالاکی \'\'مەدەنی\'\' و سیاسی لە ناوچە کورنشینەکانی ئێران لەو بڕوایە دان، بە شێوەیەکی رێکخراو و سازماندراو رێژیم لە هەوڵی رکێشکرانی ناڕەزایەتییەکانی بەرەو ئاراستەیەکی توندوتیژ دایە.

تەکمیلی ٤ ــ شنۆ، مەریوان، مەهاباد: بەپێی هەواڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، شارەوانیی مەهاباد لەلایەن هاووڵاتییانی ناڕازییەوە بەردباران کراوە.

هەروەها کۆمەڵێک لەو هەواڵانە کەبە کوردپا گەیشتووە، باس لە هاتنە ئارای تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە دەرەوەی شاری شنۆ دەکەن کە ئاژانسی کوردپا هەتا ئەم چرکە ساتە (کاتژمێر ١٩:١٨ خولەک بە کاتی تاران) لە تەییدکرانی ئەم تەقەکردنە خۆ دەبوێرێت.

لەلایەکی دیکەشەوە هەواڵی داخرانی تێکڕای بازاری شاری مەریوان دەبیسرێت و هێڵی تەلەفوون ئێنتێرنێتیش لەو شارەدا پچڕاوە.

هەنووکە شاری مەریوان بە تەواوی میلیتاریزە کراوە و به هێزی یەگانی تایبەت، سپای پاسداران و هێزی ئینتزامی تەنراو.
ئەم هەواڵە بەردەوام نوێ دەکرێتەوە