کوردستان دووبارە کرایە ئامانجی دەسبەسەرە بە کۆمەڵەکان

16:51 - 24 خەزەڵوەر 2721

کوردستان لە ڕۆژی ٢٠ هەتا ٢٣ی خەزەڵوەر، شایەتی شەپۆلێکی بەربڵاو لە دەسبەسەرکردن و بانگهێشتکردنی بە کۆمەڵی هاووڵاتییان لە شارەکانی بانە، مەریوان، سەقز و سنە، لەگەڵ توندوتیژیی هێزە ئەمنییەتییەکان بووە.

ئەوەیکە هەتا ئێستا ئاژانسی کوردپا توانیویەتی پشتڕاستی بکاتەوە، لە چوار گوندی بانە ١٧ کەس، لە گوندی "نێـ"ـی مەریوان ٦ کەس، لە گوندی "ملەقەڕنێـ"ـی سەقز ٢ کەس و لە گوندی "نییەر"ی سنە ٥ کەس، بە کۆمەڵ دەسبەسەر کراون.

هەروەها سێ کەسی خەڵکی گوندی "پیرعومەران" پاش بانگهێشتکردنیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز، دەسبەسەر و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرابوو.

بە پشتبەستن بەو ژمارەیە، هەتاکوو ئێستا ٣٣ کەس بە شوناسی ڕوون لە گوندەکانی ئاماژە پێ کراو سەر بە شارەکانی بانە، سنە، مەریوان و سەقز، بوون.

هێندێک لە سەرچاوەکان باس لە بانگهێشتکردنی هاووڵاتییان لە ڕێگای تەلەفۆنەوە لە شارەکانی کوردستان دەکەن. ئەو سەرچاوانە ڕایدەگەیەنن کە ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعات لە شارەکانی بانە، سنە، مەریوان، دێولان و کامیاران، هەوڵی بانگهێشتکردنی دەیان چالاک و زیندانیی سیاسیی پێشوویان داوە و خوازیاری ڕاگرتنی کار و چالاکییە مەدەنی و سیاسییەکانیان بوون.

چۆنیەتیی دەسبەسەرکردن، لە توندوتیژییەوە هەتا کەڵکوەرگرتن لە دڕۆن

دەسبەسەرکرانەکان لەگەڵ توندوتیژی، ئازار و ئەشکەنجە، بێڕێزی، هێرش و پشکنینی ماڵەکانیان بە مەبەستی دەسبەسەرداگرتنی کەرەستەی کەسی و بەبێ بەڵگەی دادوەری، لە ڕەوتە دیارە و بەرچاوەکانی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە کوردستاندایە، بەڵام لەم شەپۆلە نوێیەی دەسبەسەرکرانەدا، حاڵەتی نوێی پێوە زیاد بووە: کەڵکوەرگرتن لە "دڕۆن" بۆ ڕاودوونان و ناساندنی هاووڵاتییان و بەکاربردنی ئامبۆڵانسی مانگی سوور بۆ ڕاگوستنی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو بۆ گرتنگە ئەمنییەتییەکان.

لە شاری بانە هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی دادوەری هێرشیان بردبووە سەر ماڵی ئەو کەسانە لە گوندی "نجنێ، چۆمان، کەوپێچ و نەمشێر" و لەگەڵ قسەی نەشیاو و بێڕێزیی زارەکی و فیزیکی، ئەو هاووڵاتییانەیان دەسبەسەر کردووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان  بۆ ڕاودوونان و ناساندنی کەسانی دەسبەسەرکراو لە "دڕۆن" کەڵکیان وەرگرتووە و لە کاتی دەسبەسەرکردندا ئازار و ئەزیەتی بنەماڵەکانی ئەوانیان دابوو.

لە کاتی دەسبەسەرکراندا، هێزە ئەمنییەتییەکان هەوڵی پشکنینی ماڵی ئەو هاووڵاتییانەیان داوە و کەرەستەی کەسیی ئەوان بە تایبەتی لەبتاب، کامێرا، مۆبایل و کتێبەکانیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

لە گوندی "نییەر"ی سنەش، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ پێشاندانی بەڵگەی دادوەری هێرشیان بردبووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییانە و ئەوانیان دەسبەسەر کردبوو. هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردندا دەستیان بە پشکنینی ماڵەکان و لێدانی ئەوان کردبوو و هەروەها دەستیان بەسەر کەرەستەی کەسیی ئەوان بە تایبەت کامپیوتێر و مۆبایلەکانیان گرتبوو.

لە تۆمەتە‌ وەپاڵدراوەکان دژی دەسبەسەرکراوان هەتا ڕەوتێکی ڕوون لە سەرکوت لە کوردستان

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری گیران و تۆمەتی‌ وەپاڵدراو و چارەنووسی ئەو هاووڵاتییانە، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

ئاژانسی کوردپا زانیاریی بەدەست هێناوە کە تەواوی دەسبەسەرکراوەکان لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی قەرارگای "شارامفەڕ"ی سنە کراون، بەڵام بنەماڵەی دەسبەسەرکراوەکان تەنانەت سەرەڕای سەردانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکانیان، لەگەڵ وڵامنەدانەوەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بەرەوڕوو بوونەتەوە.

بەپێی ڕەواڵی هەمیشەیی حکوومەت، دەسبەسەرکراوەکان لە گرتنگەکان بە شێوی مامناوەندی لە یەک هەتا چەندین مانگ و هێندێک جار هەتا ساڵێک، بەبێ مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان، لە ژوورەکانی تاکەکەسیی گرتنگەکان لەژێر لێپرسینەوە، دانپێدانانی زۆرەملێ، ئازار و ئەشکەنجەدان، کە ئەم ڕەوتە لە دەسبەسەرکردن و لێپرسینەوە خۆی لە چوارچێوەی "بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ" و سەرکوتی سیستماتیکدایە.

دەبێ بوترێت، لە ساڵانی پێشوودا شایەتی تێکەڵکردنی زۆرێک لە یەکە ئەمنییەتییەکان و گۆڕینی هێز و بەڕێوەبەری لە ناوەندە ئەمنییەتییەکان بووین، بە شێوەیەک کە ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا، زۆرێک لە ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی هێناوەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و هێزە دەستنیشانکراوەکانی خۆی لە شوێنی ئەوان داناوە، کە ئەمە نیشانەی ڕەوتێکی توندتر و سیستماتیک‌تر لە سەرکوتکردنی هاووڵاتییان لە کوردستانە.

ئەو ئاڵوگۆڕە هەر بەو شیوەیە کە شایەتی بووین لە قۆناغی یەکەم شەپۆلی بە کۆمەڵی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی توندتر کردووەتەوە و لە ڕاستای دۆسیە و سێناریۆسازیی ئەمنییەتی بە تایبەت دژی چالاکیی مەدەنی لە کوردستانە.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە ئاژانسی کوردپا دەستی کەوتووە، هێندێک لە دەسبەسەرکراوەکان لە کەسانێک پێک دێن کە پێشتریش لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دژی ئەوان دۆسیەی سیاسییان بۆ ساز کراوە و هێندێکی دیکە لەوان زیندانیی سیاسیی پێشوو بوون، بەڵام زۆربەی ئەو کەسانە، کەسانێکن بۆ یەکەم جار دەسبەسەر دەکرێن.

هەروەها بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی کوردپا، بڕیاری پێداچوونەوە دژی تەواوی ئەو کەسانە کە پێشتر دۆسیەی سیاسییان هەبووە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دراوە.

شوناسی دەسبەسەرکراوەکان

سەرەرای بانگهێشتکردنی بەربڵاوی تەلەفۆنی دەیان چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسی لە شارەکانی کوردستان بە تایبەت بانە، سەقز، سنە، مەریوان، دێولان و کامیاران، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعات؛ هەتا ئێستا ئەوەی بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون بووەتەوە شوناسی ٣٣ کەس لە هاووڵاتییانی گوندەکانی بانە، سنە، مەریوان و سەقزە.

بانە

 ڕەفیق پزیشکی، سەلاح پزیشکی، مەناف پزیشکی، کەریم پزیشکی، لوقمان پزیشکی، بێهزاد پزیشکی ، ئەبووبەکر پزیشکی، فەرهاد پزیشکی، فەرزاد پزیشکی، ئەحمەد پزیشکی، ئەرسەلان پزیشکی، کامران پزیشکی، سەعید ڕەشیدی، عوسمان محەممەدپوور، جەماڵ مروەتی، کۆردۆ حوسێن‌پوور و عەلی چۆمانی.

مەریوان

محەممەد ئەحمەدی، فەرید درەخشانی، کەیوان مینوویی، ئیدریس بەهرامیان، عەبدولڕەحمان ئەفشار و عەبدولڕەحمان ئەشتەک.

سەقز

عەبدوڵڵا مەهجوور، محەممەد مەهجوور، ئەیووب مینایی، جەماڵ عەزیزی و سامان خوسرەوی.

سنە

ئارش منبەری، زانیاری منبەری، سەیوان منبەری و میلاد منبەری، خەڵکی گوندی "نییەر" و "ئارام مورادیان" خەڵکی گوندی "تەنگیسەر".

لەنێو دەسبەسەرکراوەکان، کەیوان مینوویی، مامۆستای زمانی کوردییە.

هەروەها عەبدوڵلا مەهجوور ساڵی ١٣٧٠ دەسبەسەر و بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" بە ٦ ساڵ زیندان مەحکووم و پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی، لە زیندانی "قەڵا"ی شاری خۆڕەمئاوا، ئازاد کرابوو.

ئارام مورادیان بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دادگاییەکەی، بانگهێشتی دادگای ئینقلابی شاری سنە کرابوو.

زۆربەی ئەو کەسانە چالاکی مەدەنی و فەرهەنگیی کوردستانن.

شەپۆلی ساڵانەی دەسبەسەرکردن لە کوردستان

کوردستان ساڵانە لەگەڵ چەندین شەپۆلی دەسبەسەرکردن لە دەسبەسەرە بە کۆمەڵەکان بەرەوڕوو دەبێتەوە کە لە ژێرەوە ئاماژە بە هێندێک لەو دەسبەسەرکرانە لە ساڵی ڕابردوودا دەکەین.

شەپۆلی یەکەم: دەسبەسەرکردنی ٢٧ کەس لە شارەکانی بانە، شنۆ، پیرانشار، مەهاباد و سنە.

شەپۆلی دووەم: مانگی پووشپەڕی ساڵی ٩٩، بە دەسبەسەرکردنی ٢٣ هاووڵاتی لە شارەکانی مەهاباد، شنۆ و پیرانشار کۆتایی هات.

لە شەپۆلی سێیەم کە بەربڵاوترین شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان بووە، ١٠٤ کەس لە زیاتر لە ١٥ شاری کوردستان دەسبەسەر کراون کە بە گشتی چالاکانی مەدەنی و ژینگەیی لەخۆ دەگرێت.

لە پەیوەندی لەگەڵ شەپۆلی نوێی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان هەتا ئێستا "بەرەی یەکگرتووی کورد" لە ناوخۆی ئێران بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک ئەو شەپۆلە دەسبەسەرکردنەی مەحکووم کردووە.

لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەی بەرەی یەکگرتووی کورددا، هاتووە: "دەسبەسەرکردنی بە کۆمەڵەی لاوان لە شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، کە زۆربەیان لە بیاڤی فەرهەنگی، مەدەنی یان ژینگەیی چالاکی دەکەن، کەشوهەوای کوردستانی بەو شێوە کە هەیە ئاڵۆزتر و نائەمنتر کردووە و ئاسەوارێکی ئەرێنی لەسەر پەیوەندیی دەوڵەت و نەتەوە دانانێت و بەدڵنیاییەوە یارمەتی لە چارەسەرکردنی هیچکام لە قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکان نادات".

بەرەی یەکگرتووی کورد ویرای مەحکوومکردنی ئەو شێوازە هەڵسووکەوتە لە دەسبەسەرکردنەکان، داوای لە بەرپرسانی پەیوەندیدار و ناوەندە ئەمنییەتییەکان کردووە کە هەرچی زووتر دەسبەسەرکراوەکان ئازاد بکرێن".

ئامادەکردن: ئەوین مستەفازادە