کوردستان بە پڕۆسەی ڕەتی سەلاحییەتەکان دژکردەوەی نیشان دا

15:15 - 29 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: لە ١٤٠٠کەسی بەربژێر لە پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن، ٦٨٤کەسیان لە لایەن هەیئەتی چاوەدێری بەسەر هەڵبژاردنەکان لە کوردستاندا ڕەتی سەلاحییەت کرانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دۆخی شارەکانی کوردستانی ئێران بەتایبەتی لە پارێزگاکان و شارە گەورەکانی کوردستان بڵێسەدار و ئەمنیەتییە.

بارودۆخی پێکهاتوو لە دوای ڕەتی سەلاحییەتی بەربڵاوی بەربژێرەکانی هەڵبژاردنەکانی مانگی ڕەشەمە زاڵ بووە و هێندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ باس لە کەش وهەوای پولیسی لە شارەکانی ورمێ، کرماشان و سنە دەکەن.

یەکێک لە هاووڵاتییانی کورد لە شاری ورمێ، لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند؛ لە کاتی دەستپێکی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان، ڕێوشوێنی ئەمنیەتی لە ناو شاری ورمێ بەرچاو دەکەوێ، بەڵام لە کاتیک کە دەیان خۆپاڵێو ڕەتی سەلاحییەت کرانەوە، کەش و هەوای ئەمنیەتی لەو شارە زیاتربەرچاوتر دەکەوێ.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ئەوەشی خستەڕوو، جێگیرکردنی لیباس شەخسییەکان لە شوێنە گشتییەکان و هاتنە نێوشار زۆرتر بوو بە شێوەیەک زیاتر لە پێنج کەس کە پێکەوە کۆببنەوە، لەگەڵ هەڵسووکەوتی ئەو مەئموورانە بەرەوروو دەبنەوە.

لە شاری سنەشەوە زانیاری بە دەستی ئاژانسی کوردپا گەیشتووە کە؛ ناوەندەکانی نیزامیی _ ئەمنیەتی ئەو شارە، ئاستی هوشیاریی هێزەکانیان بردووەتە سەرێ لە پێناو بڵاوبوونەوەی هەر چەشنە هەواڵێک کە لە لایەن ئاژانسی کوردپاوە پشتڕاست کرابێتەوە، پێشگیری بە هەر چەشنە بشێووی و قەیرانێک بگرن.

کەش و هەوای شاری سنە لە دوای هەوڵەکانی هەیئەتی چاوەدیریی سەر بە شوورای نیگابان، دەکوڵێ و میلیتاریزە کراوە، لەو پەیوەندییەدا ئۆستانداری کوردستان لە سەرەتای حەوتووی ڕابردوودا، جارێکی دیکە مەسەلەی \"ڕوانینی ئەمنیەتی بە سەر کوردستانی\" هێناوەتە بەر باس.

کرماشان یەکێکی دیکە لە شارەکانی کوردستان، لە شەپۆلی ڕەتی سەلاحییەتدا بێ کێشە نەبوو، بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵابوونەتەوە، لە کۆی ٢٨٦ نوێنەری خۆپاڵێو بۆ مجلیس، ٢٢٢کەسیان ڕەتی سەلاحییەت کراونەتەوە.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی پارێزگای کرماشان، بوونەتە شوێنی بیروڕا گۆڕینەوەی هاووڵاتییانی ئەو شارە بە تایبەتی لە نێولاوەکاندا، کە لە ڕەتی سەلاحییەتی کەسانی سەر بە ڕێفۆرمیستەکان بە توندی ناڕەزایەتییان دەربڕی و داواکاری پێداچوونەوە لە ڕاگەیاندنی فەرمیی هەیئەتەکانی چاوەدێری لەو پارێزگایە بوون.

هێندێک لە دانیشتوانی شاری کرماشان لە پرۆسەی ڕەتی سەلاحییەت بە تووندی نیگەرانن و بە شێوەیەکی ئاشکرا باس لە بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنە دەکەن.

یەکێک لەهاووڵاتییانی شاری کرماشان بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"خەڵکی لە چاکسازی کردن لە سیستمی سیاسیی وڵات بە تەواوەتی هیوابراو بوونە و تەنیا دڵگەرمیی خۆیان بە نوێنەران بەستووە کە لانیکەم لە کاروباری خەدماتی‏دا، یارمەتییەک بە دۆخی نالەباری ئەو شارە بگەیەنن، کە مێژوو شایەتی بۆ جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانی ئەوشارە دەدات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەو هەڵبژاردنانەی بایکوت کرد و لە ماڵپەرە فەرمییەکەی خۆیدا بڵاوی کردەوە:\"هێزە ئەمنیەتییەکان بۆ پێشگرتن لە ناڕەزایەتیی خەڵک لە شارەکانی کوردستان جێگیر و هاتوچۆی هاووڵاتیان کونتڕۆڵ دەکەن\".

لە کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەزدا، ڕێکخراوی بەسیج سەر بە سپای پاسداران، داوی لە شوورای نیگەهبان کردبوو کەسانی نەشیاو هەڵنەبژێردڕێت.

بۆ یەکەم جار چەمکی\" نفووزی سیاسی _ فەرهەنگی\" لە نێو ئەدبیاتی دەسەڵاتداران بە تایبەتی لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکان لە زستانی ئەمساڵدا، لە لایەن عەلی خامنەیی ڕێبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران باس کرا و ڕاگەیەنرا.

ڕۆژی ٧ی ڕەشەممەی ئەمساڵ، دەیەمین هەڵبژاردنی مجلیسی ئیسلامی و هاوکات پێنجەمین دەورەی مجلیسی خۆبرەگان بەڕێوە دەچێت.