کوردستان بوو بە جێگەی تێکەڵچوونی نیزامی حیزبە کوردییەکان و سپای پاسداران

16:25 - 3 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: شەڕ وتێکەڵچوون لە نێوان پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و سپای پاسداران لە شاری سنە هاتە ئاراوە.

بەپێی هەواڵەکان، سەرلە بەیانی ڕۆژی هەینی٢ی پووشپەڕ، شەر و تێکهەڵچوونی نیزامیی لە نێوان پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری سنە هاتە ئاراوە و گیان لە دەستدانی سێ پێشمەرگەی ئەو حیزبەی بەدواوە بوو.

سکرتاریای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەبڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک گیان لە دەستدانی ئەو سێ پێشمەرگەیە پشتڕاست کردەوە.

لەو بەیاننامەیەدا، ناوی ئەو سێ پێشمەرگە گیان لە دەست دراوە بەم چەشنەیە؛ سەباح حوسێن پەناهی، حامید سەیف پەناهی و بێهزاد نووری ڕاگەیاندووە.

پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران بە بڵاو کردنەوەی هەواڵێک لەو پەیوەندیەدا ڕایگەیاندووە لەگەڵ ئەو شەڕەدا دەستبەسەر کردنی یەکێک لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە لایەن هێزەکانی سپای پاسداران بڵاو کردەوە.

ڕاپۆرتی نێردراو بۆ ئاژانسی کوردپا باس لە تووندتر بوونی کەش و هەوای ئەمنیەتی لە ئاستی شاری سنە پاش ئەو شەڕە دەکات.

قەرارگای حەمزە بۆ بەربەرەکانێ و شەڕ لەگەڵ هێزە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دامەزراوە و لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان کارو چالاکی دەکات.

پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ی هەتاوی، کۆمەڵە کە ڕێکخراوێکی چەپ و سوسیالیستی بوو، بە شێوەی ڕەسمی لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستانی ئێراندا مان و مەوجوودیەتی خۆی ڕاگەیاند.