کوردانی تورکیە لە دادگاکاندا مافی بەرگری کردن لەخۆ بە زمانی کوردییان پێدرا

19:23 - 16 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: \" بوڵنت ئارینچ\" جێگری سەرۆک وەزیری تورکیە رایگەیاندووە کە بەپێی بڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، زیندانییانی کورد ئیزنی ئەوەیان پێدەدرێت کەلە دادگاکاندا بە زمانی کوردی بەرگری لە خۆیان بکەن.

ماڵپەڕی \"بی‌بی‌سی\" لە هەواڵێکدا بڵاوی کردۆتەوە ئەو بڕیارە لە کاتێکدا راگەیەندراوە کە ماوەی ٥٦ رۆژە زیاتر لە ٧٠٠ زیندانیی سیاسی و مەدەنی کورد لە زیندانەکانی تورکیە بۆ دەستەبەر بوونی کۆمەڵێک داخوازی مانیان لە خواردن گرتووە.

زیندانیان خوازیاری ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری بەند کراوی pkk، خوێندن بە زمانی زگماکی کە زمانی کوردیە و هەروەها لە داگاکانیشدا بە زمانی کوردی بەرگری لە خۆیان بکەن.

\"بوڵنت ئارینچ\" داوای لە سەرجەم مانگرتوان کردووە کە کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بێنن و بۆ گەیشتن بە مەبەستەکانیان پێویست بە کاری مەترسیداری لەو چەشنە ناکات.

دوێنێ دووشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان مانگرتنی ئەو زیندانیانەی بێ بایەخ وەسف کردبوو و رایگەیاندبوو کە تەنیا یەک کەس لە زیندانەکانی تورکیە مانی گرتووە، ئەم قسەیەی ئەردۆغان لە کاتێک دایە دادگوستەری تورکیە مانگرتنی ٦٨٢ کەس لەناو ٦٧ زیندانی تورکیەدا پژڕاست کردۆتەوە.

لە ماوەی دوو حەفتەی رابردوودا کۆمەڵێک رێکخراوی سیاسی، مافی مرۆڤ و هەروەها چالاکانی سیاسی، مەدەنی رۆژنامەنووس و جەماورەی بەرینی خەڵک لە هەرێمی کوردستان و کوردستانی تورکیە بۆ پشتیوانی لە مافی رەوای ئەو زیندانییە مانگرتوانە بە شێوەی جۆراوجۆر چالاکییان بەڕێوە بردووە.