کوردانی تاراوگە و ماردین، یارمەتیی مرۆییان گەیاندە کوردانی ئیزەدی

21:42 - 23 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: ئەو کوردە ئاوارانە، کە پێشتر لە کەمپی \"ئەڵتاش\"ی سەربە ئوستانی ئەنبار بوون و هەنووکە لە وڵاتی نۆروێژ نیشتەجێن، هاووكاریی مرۆییان گەیاندە لێقەوماوانی کوردی ئێزەدیی شنگال.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ٢٣ی خەرمانان، یەکیەتیی بنەماڵە کوردەکانی نیشتەجێی وڵاتی نۆروێژ، کە رێخراوێکی سڤیلە، یارمەتیی هاووڵاتییانی کوردی ئیزەدیی ئاوارەی کەمپی \"عەربەت\"ی سەربە ئوستانی سلێمانی کرد.

\"22081.jpg\"
عوسمان کەرەمی، نوێنەری یەکیەتیی بنەماڵە کوردەکانی نیشتەجێی وڵاتی نۆروێژ لە هەرێمی کوردستان
عوسمان کەرەمی، کە نوێنەری یەکیەتیی بنەماڵە کوردەکانی نیشتەجێی وڵاتی نۆروێژە لە هەرێمی کوردستان، بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ بڕی ١٠ ملوێن دینار، کە لەلایەن یەکیەتیی بنەماڵە کوردەکانی نیشتەجێی وڵاتی نۆروێژ کۆکرابوویەوە، بە ئامادەبوونی دەزگای خیرخوازیی بارزانی و بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی عەربەت، بەسەر لێقەوماوانی کوردی ئیزەدیی شنگال لە کەمپی عەربەت، دابەش کرا.

بە گوتەی عوسمان کەرەمی، یەکیەتیی بنەماڵە کوردەکانی نۆروێژ، ماوەی چەندین ساڵە لەلایەن ژمارەیەک چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی ئوستانی کرماشانەوە لە وڵاتی نۆروێژ و بە مەبەستی ئەنجامدانی چالاکیی مەدەنی و کۆمەڵایەتی و پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوە بۆ کوردانی رۆژهەڵات، دامەزراوە.

\"22077.jpg\"
ئەو چالاکە کوردەی گوتیشی، یەکیەتیی بەنەماڵە کوردەکانی نۆروێژ، ساڵی رابردووش هاوکاریی مادیی کوردە ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستانی کرد، کە بەهۆی شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان روویان لە شارۆچکەی عەربەت لە ئوستانی سلێمانی کردبوو.

لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە یارمەتیی مرۆیی خەڵکی ماردین لە کوردستانی تورکیا، لە دەروازەی سنووریی نسێبین – قامیشلوویەوە رەوانەی لێقەوماوانی کوردستانی سووریا و شنگال لە هەرێمی کوردستان کرا.

ئەو یارمەتییە، کە لە چوارچێوەی کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاری پلاتفۆرمی لقی ٨ی ماردینەوە کۆکرابوویەوە، بە ٨ کامیۆنی بارهەڵگر بۆ ئاوارەکانی شنگال و کوردستانی سووریا گوازراوەتەوە.

عەبدوڵڵا یەلدرم، سەرۆکی لقی ماردینی ئە وکەمپەینە رایگەیاندووە، کۆکردنەوەی یارمەتییەکان بەردەوامە و بەهەموو شێوەیەک هاوکاریی کوردانی ئیزەدیی شنگال و کوردانی کوردستانی رۆژئاوا دەکەن.
\"22082.jpg\"

\"22083.jpg\"

\"22084.jpg\"

\"22085.jpg\"

\"22076.jpeg\"

\"22075.jpeg\"