کورد و ١١یەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلسی ئێران

10:42 - 26 رێبەندان 2719

سەرەتای مانگی داهاتوو (٢ی ڕەشەممە) ١١یەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلیس لە ئێران، بەڕێوە دەچێت. هەتا ئێستا زۆربەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراو، هەڵویستی خۆیان سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی مەجلیس دەربڕیوە، کە زۆربەی ئەو ڕێکخراوانە، سیاسەتی بایکوت و داوای نەچوونە سەر سەندووقی دەنگدانیان لە هاووڵاتییانی کوردستانی ئێران کردووە.

لەو پەیوەندییەدا، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتییە سیاسییەکان و چەند کەسایەتیی  دیکە چەند وتووژێکی پێک هێناوە، کە سرنجی خوێنەرانی ئاژانسی کوردپا بۆ ئەم وتووێژانە ڕادەکێشین.

شەشەم وتووێژی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەگەڵ خالید تەوکولی کۆمەڵناس و مامۆستای زانکۆ.

ئاژانسی کوردپا: بە چاولێکردن لە رووداوەکانی سێ  مانگی ڕابردوودا لە ئێران، بەشداریی خەڵکی لە یازدەهەمین خولی مەجلیس چۆن دەبێنی؟

خالید تەوکوڵی: پێم وابێ دەبێت چەند هۆکار لەبەرچاو بگرین بۆ ئەوەی شرۆڤەیەکی دروستمان هەبێت لەم دەورە لە هەڵبژارندا، یەکەمیان ئەو ڕووداوانەی کە لە سێ مانگی ڕابردوودا پێش هاتوون، یەکەمیان ڕووداوەکانی مانگی خەزەڵوەر، هەم خستەنە خوارەوەی فڕۆکەی موسافیربەری ئوکراینی بوو و هەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خوێندکاران لە زانکۆکانی ئێران، ئەم هۆکارانە دەبنە هۆکاری ڕێژەی بەشداریی کەمی هاووڵاتییان لە چوونە سەرە سندووقەکانی دەنگدان و ڕێژەکەی لە چاو هەڵبژاردنەکانی پێشووتر کەمتر دەبێت.

ئاژانسی کوردپا: به‌ ئاماژه‌كاندا وا ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ حکوومەتی ئێران زۆرترین كه‌سانی سه‌ر به‌ باڵی توندئاژۆ و پاوانخواز بنێرێته‌ مه‌جلیس، ئەم‌ پرسه‌ به‌ لای ئێوه‌ چۆنه‌؟

خالید تەوکوڵی: بەڵێ وایە ئەگەر ئێمە بێین ئامارەی رەتکردنەوەی بەربژێرەکانی مەجلیس چاو لێ بکەین، دیارە باڵی ئوسووڵگەراکان و پاوانخوازەکان زیاتر لەسەر ئەو باوەڕن کە هەڵبژاردنی ئەم خولەی مەجلیس کێبڕکێی لە نێوان ئوسووڵگەراکان دەبێت بەو واتایەی کێبڕکێی دەروون ئوسووڵگەراییەکان، هەتا ڕادەیەکی زۆر ڕێفورمخوازەکانیان حەزف کردووە، بەو ئاکامە نەتیجەیە گەیشتووە کە مەجلیس یەک دەست بیت و گوشارێکی یەکجار زۆر بۆ سەر دەوڵەتی ڕۆحانی بێت، لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە هەڵبژاردن ئەو شوور و شەقەی جارانی نامێنێ. بۆیە میدیا بە کۆمەڵەکانی ئێرانی و بە تایبەت ئەوانەی سەر بە بناژۆخوازەکان و ئەوانیش کەمتر باسی بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن کە خەڵک نەیەنە سەر سندووقی دەنگدان و دەزانن هەر چی زیاتر.

ئاژانسی کوردپا: ڕۆڵی رێفۆرمخوازە کوردەکان لەم هەلبژاردنە بە سرنجدان بە کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان کورد لە چەند مانگی ڕابردوودا، لە کاتی بانگەشە بۆ هەڵبژاردن چۆن دەبێت و ئایا رێفۆرمخوازی له‌ كوردستان پێگه‌یان ماوه‌؟

خالید تەوکوڵی: ڕیفوڕخوازەکان لە ئێران بەگشتی ئەو پێگە و جێگەیەی جارانی نەماوە، بەڵام لە کوردستانیش ئەگەر لەو ڕوانگەیەوە چاو لێبکەین، پێگەی ڕێفۆرمخوازەکان دابەزیوە و ئەگەر بەربژێرەکانیان تەئید بکرێن، من لەسەر ئەوە باوەڕەم کە پێگەی ئەوان لە پێگەی بناژۆخوازەکان کەمتر بێت، هەرچەند  هەروەک لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشووشدا باسم کرد کە بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا کەمتر دەبێت و هەرچی بەشداری خەڵک کەمتر بێت، نیشانەی ئەوەیە کە ڕێفۆرمخوازەکان دەنگیان کەمتر دەبێت و هەرچەند ڕیفۆرمخوازان لە کوردستان پێم وانییە لەم دەورەوەیە بتوانن یان کاندیدایەک موعەڕەفی بکەن، یان خۆیان ئەنگیزە و ئیدارەی ئەوەیان هەبێت کە لە هەڵبژاردن بەشداری بکەن. لەوانەی کە یان بێنە ڕیزی بایکوتکەران یان لەوانەیە بێدەنگ لە ماڵی خۆیان دانیشن و دەنگ نەدەن.