کورد و ١١هەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلیسی ئێران

10:13 - 25 رێبەندان 2719

سەرەتای مانگی داهاتوو (٢ی ڕەشەمە) ١١هەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلیس لە ئێران، بەڕێوە دەچێت. هەتا ئێستا زۆربەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراو، هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی مەجلیس دەربڕیوە کە زۆربەی ئەو رێکخراوانە، سیاسەتی بایکۆت و داوای نەچوونە سەر سەندووقی دەنگدانیان لە هاووڵاتییانی کوردستانی ئێران کردووە.

لەو پەیوەندییەدا، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتییە سیاسییەکان و چەند کەسایەتیی  دیکە چەند وتووژێکی پێک هێناوە کە سەرنجی خوێنەرانی ئاژانسی کوردپا بۆ ئەم وتووێژانە رادەکێشین.

پێنجم وتووێژی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەگەڵ "مامند رۆژە"، شرۆڤەکار و لێکۆڵەری سیاسی.

ئاژانسی کوردپا: بە چاولێکردن لە رووداوەکانی سێ  مانگی رابردوو لە ئێران، بەشداریی خەڵکی لە یازدەهەمین خولی مەجلیس چۆن دەبێنیت؟

مامند رۆژە: رێژیمی کۆماری ئیسلامی هەموو بنەماکانی ڕەوایی و مەشرووعییەتی خۆی لەدەست داوە. لانیکەم لە ساڵی ٢٠٠٩وە زنجیرەیەک خۆپیشاندانی یەک لەدوای یەک هاتوونەتەکایەوە. بەتایبەت لە پاییزی ٢٠١٧وە بۆ زستانی ٢٠٢٠ مەودای نێوان خۆپیشاندانەکان کەم بووەتەوە. بەتایبەت ئەوەی پاییزی رابردوودا روویداوە، خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی تازەی ئێران پێکدەهێنێت.  بۆیە ئەگەری زۆر بەهێز ئەوەیە خەڵک بە رێژەیەکی یەکجار نزم بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکەن. واتە چاوەڕێی فیاسکۆیەکی گەورە دەکرێت و سەرکردەکانی رێژیمیش لەمە تێگەیشتوون. 

ئاژانسی کوردپا: رووداوەکانی ئێران، چەندە باندڕۆ لەسەر ره‌وتی گشتیی هەڵبژاردنەکان دادەنێ؟

مامند رۆژە: نائارامییەکانی ئەم دواییە لە رووی زەمان، مەکان و بابەتی خۆپیشاندانەکانەوە گۆڕانی ریشەیی بەخۆوە بینیوە. واتە لە رووی زەمەنییەوە مەودای نێوان خۆپیشانەکان بڕگەیەکی زەمەنی کەم دەخایەنێت. لە رووی مەکانیشەوە جاران یان لە پەراوێزەکان خۆپیشاندان دەکرا کە ناوەند لێی بێدەنگ بوو. یاخود لە ناوەند دەکرا و پەراوێزەکان لێی بێدەنگ دەبوون. بەڵام ئەمجارە سەرانسەری ئێرانی گرتووەتەوە.

لە لایەکیش بابەت و خواستی خۆپیشاندانەکان گۆڕاوە. جاران خەڵک بەزۆری داوای چاکسازی دەکرد، یاخود داوای دەکرد بۆ نموونە دەنگی میرحوسێن مووسەوی و کەڕووبی  ون نەکرێ، کەچی ئەمجارە خەڵک داوای رووخاندنی کۆماری ئیسلامی دەکات. ئەمەشیان گۆڕانکارییەکی ریشەییە. هەروەها جاران یان توێژی خوێندکاران خۆپیشانداناین دەکرد یان کوردەکان، عەرەبەکان یاخود چینی ناوەڕاستی لە پایتەخت و گەورە شارەکان. بەڵام ئەمجارە چینی خوارووی کۆمەڵگە تەقیوەتەوە. بۆیە ئەم دۆخە بێ چەند و چۆن کاریگەری لەسەر خەڵک هەیە و رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان کەم دەبێت. 

ئاژانسی کوردپا: نوێنەرانی مەجلیس له‌ ئێراندا چەند دەتوانن کاریگەری لەسه‌ر گرفت و بابه‌ته‌ سیاسییه‌کان له‌ ئێران دابنێن؟

مامند رۆژە: جارێک دەبێ بپرسین بەراستی رۆڵی مەجلیس لە ئێران چییە؟ ئایا مەجلیس دەتوانێ رۆڵی شورای نیگەهبان کز بکات؟ ئایا بەدرێژایی چل ساڵی رابردوو ئەزموونەکان نەیانسەلماندووە کەوا مەجلیس بە فیلتەری شورای نیگەهبان بێ رۆڵ دەکرێت؟ ئایا ئەزموون نەیسەلماندووە مەجلیسی خوبرەگانی رەهبەری فیلتەری سەرووترە؟ ئایا نەیسەلماندووە مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەت مەجلیسێکی تەریبە؟ ئایا نەیسەلماندووە پرسی حوکمی حکوومەتی کە شەخسی رەهبەر بەپێی دەستوور هەیەتی، دەتوانێ کۆی بڕیارەکانی مەجلیسی شورای ئیسلامی بکاتە بلقی سەر ئاو و بێ مانای بکات؟  بۆیە لە ئێران بۆ ئەم مەجلیسە دوو مەجلیسی تەریبی لەگەڵە کە هەرگیز ناتوانێ لافی ئیرادەی گەل لێ بدات.  رنگه‌ به‌شداریی به‌رچاوی خه‌ڵک له‌م ده‌وره‌یه‌دا؟

ئاژانسی کوردپا: له‌م دۆخه‌ سیاسییه‌دا، حکوومه‌ت چ رێکارێک ده‌گرێته‌ به‌ر بۆ به‌شداریکردنی به‌رفراوانی خه‌ڵک؟ ئایا بۆی گرنگه‌ به‌شداریی به‌رچاوی خه‌ڵک له‌م ده‌وره‌یه‌دا؟

مامند رۆژە: لە دۆخێکداین کە چیتر سسستی و کەمتەرخەمی هەڵناگرێت. دەبێ بایکۆتی ئەمجارە بەپێچەوانەی جارانی پێشوو بێت. خوێنی هەزاران خۆپیشاندەر لە زەوییە و دەبێ بایکۆت ببێتە ریفراندۆمی رەتکردنەوەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی.

لێرە خاڵێک هەیە دەبێ لەبیری نەکەین: ئەگەرێک هەیە رێژیم هەندێک ریفۆری ساختە بکات یاخود سەرکردەکانی ریفۆرمخواز وەکوو مووسەوی و کەڕووبی بەربدات یان کەسانی وەکوو خاتەمی بۆ سەر سەکۆی سیاسەت بانگهێشت بکاتەوە. ئەگەر ئەمە روو بدات بەدڵنیاییەوە بۆ ئەوەیە متمانەیەکی ساختە لای خەڵکی دروست بکەن بۆ ئەوەی نمایشی دێموکراسی بکەن. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە رێژیم بە کۆی ساختارییەوە بۆ گەلانی ئێران بووەتە گرفت.

 لەبەر ئەمە ئەگەری بەشداری نەکردنی خەڵک، سەرکردەکانی رێژیمی بەجیددی نیگەران کردووە و دەترسێن رووبەرووی ئابڕووچوونێکی گەورە ببنەوە. بۆیە پێدەچێ تاکتیکی زۆر جیاوازتر بۆ جووڵاندنی شەقام بقۆزنەوە کە یەکیان ئەگەری هاتنەوە مەیدانی ریفۆرمخوازەکانە. دەبێ ئۆپۆزیسیۆن بەوردی ئاگاداری ئەم تاکتیکە بێت. هەروەها پێویستە ئۆپۆزیسیۆن بەگشتی و ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی بەتایبەت تاکتیکی جیاوازتر بەرهەم بهێنن. بۆ نموونە دەکرێ "بایکۆتی سوور" بقۆزرێتەوە و لە بانگەشەشدا داوابکرێ بەشداریکردن بۆ خزمەتکردنی خەڵک نییە، تەنها هاوبەشییەکی چەپەڵە بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتێکی ساختەدا ببن بە شەریکی تاوانباران.