مەهاباد؛ ئازادیی کاتیی ئاوات ڕۆستەمی بە دانانی بارمتەی قورس پاش ١٠٠ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە
12:20 - 26 جۆزەردان 2726
ڕۆژی شەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئاوات ڕۆستەمی" خەڵکی گوندی "خوڕخوڕە" مەهاباد پاش ١٠٠ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە بە دانانی بارمتەی ١٠ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتییەوە بۆ بەندیخانەی مەهاباد ڕاگوێزرا و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٤دا بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتەوە لە مەهاباد دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئاوات ڕۆستەمی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.