که‌مته‌رخه‌می کۆمه‌ڵگه‌ی پزیشکی لە مه‌ریوان، مەرگی کچە قوتابییەکی لێکەوتەوە+وێنـە

19:19 - 11 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی کەمتەرخەمیی بەردەوامی ناوەندە پزیشکییەکانی شاری مەریوان، کچە قوتابییەکی تەمەن ٩ ساڵەی خەڵکی ئەو شارە گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی شەممە ریکەوتی ١٠ی رەشەمە \"یەنار کیانی\" کچە قوتابیی پۆلی ٣ی سەرەتایی لە قوتابخانەی فاتیمەی زەهرا، بەهۆی کەمتەرخەمیی پێرسونێلی نەخۆشخانەی \"بووعەلی\"ی شاری مەریوان بووە قوربانی.

لەو پەیوەندییەدا سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ یەنار کیانی رۆژی ٥ی رەشەمە بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە لە نەخۆشخانەی \"بووعەلی\"ی شاری مەریوان خرایە ژێر چاوەدێریی پزیشکییەوە، کە پاش ٣ کاتژمیر دوکتوری تایبەت بە منداڵانی ئەو نەخۆشخانەیە دەستبەجێ بریاری رەوانە کردنی ئەو کچە قوتابییە بۆ نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنە ئەدات.

\"18563.jpg\"
یەنار کیانی، پاش ٥ رۆژ مانەوە لە بەشی \"ئای.سی.یوو\"ی نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنە، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٠ی رەشەمە گیانی لەدەست دا
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ پاش ئەوەی گەیەندرایە نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنە، کادری دەرمانیی نەخۆشخانەی \"بووعەلی\"ی شاری مەریوان زۆر \"نابەرپرسانە\"‌ له‌ به‌ر ده‌رکی نه‌خۆشخانەی بێعسەت،‌ یه‌ناری کچە قوتابی وێڵ ده‌که‌ن و ده‌گه‌رێنه‌وه‌ مه‌ریوان.

سەرچاوەکە ئاشکرای کرد؛ پزیشکانی نەخۆشخانەی بێعسەت، پاش ٣ کاتژمێر بۆیان روون بوویەو، کە بەهۆی ئەوەی لە نێوان رێگەی مەریوان – سنە ئۆکسیژنی بۆ نەبەستراوە، یەنار تووشی مەرگی مەغزی بووەو زۆربەی ئەندامانی لەشی یەنار لەکار کەوتوون.

گوتیشی؛ پزیشکانی نەخۆشخانەی بێعسەت لە شاری سنە، بە ناردنی نامەیەک نه‌خۆشخانه‌ی \"بووعه‌لی\"ی شاری مه‌ریوانیان له‌و که‌مته‌رخه‌مییە‌ ئاگادار کردۆتەوە.

یەنار کیانی کچی حەبیبی بەردەڕەشەیی، پاش ٥ رۆژ مانەوە لە بەشی \"ئای.سی.یوو\"ی نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنە، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٠ی رەشەمە گیانی لەدەست دا.

\"18562.jpg\"
حەبیبی بەردەڕەشەیی، باوکی یەنار کیانی
گیان لەدەست دانی ئەو کچە قوتابییە لە کاتێک دایە، کە لەماوەی رابردوودا چەندین هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شاری مەریوان بەهۆی کەمتەرخەمیی پزیشکییە لە نەخۆشخانەی بووعەلی\"ی شاری مەریوان بوونەتە قوربانی، و ئەمەش وای‌کردوو، کە هاووڵاتییان تەنیا لە ناچاریدا روو لەو نەخۆشخانەیە بکەن.

لەو پەیوەندییەداو سەرەتای مانگی رێبەندانی ئەمساڵ، هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٢ ساڵ بەناوی ئەمجەد ئەمجەدی دانیشتووی شاری مەریوان، کە لە نەخۆشخانەی (بووعەلی)ی شاری مەریوان خرابوویە ژێر چاوەدێریی پزیشکییەوە، بەهۆی نەبوونی ئیمکانات و کەمتەرخەمیی پزیشکی گیانی لەدەست دا.

پێشتریش لەکۆتایی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا ژنێکی تەمەن ٤٢ ساڵەی مەریوانی بەناوی (ف. م) بەهۆی لێدانی خوێنی ماوە بەسەرچوو لە نەخۆشخانەی (بووعەلی)ی شاری مەریوان گیانی لەدەست دا.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ١٣ هاووڵاتیی کورد بەهۆی کەمتەرخەمیی و نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی لە ناوچەکوردنشینەکان ئێران بوونەتە قوربانی.
\"18560.jpg\"

\"18561.jpg\"