کرێکارێکی ئیلامی بە هۆی بەرکەوتنی بێڵی میکانیکی گیانی لەدەست دا

14:53 - 2 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی ئیلامی لە کاتی کارکردن لە پاڵاوگەی گازی ئەو شارە، بە هۆی لێدانی بێڵی میکانیکی گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەواڵدەریی کوردپا: شۆفیڕی بێڵی میکانیکی لە کاتی هەڵکەندنی کاناڵی بوڕیی گاز، لە پاڵاوگەی گازی ئیلام، بە هۆی کەمتەرخەمی و ئاگالێ‌نەبوون، دەدات لە کرێکارێکی ئەو پاڵاوگەیە و دەیکوژێت.

شوناسی ئەو کرێکارە کوردە بە ناوی مەجید عەلی میرزایی ڕاگەیەنراوە و کرێکاری ڕۆژکاری ئەو پاڵاگەویەوە بووە.

هەر لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەردان، دوو کرێکاری کورد بە ناوەکانی محەممەد عەزیز مەنوچێهری و موختار عەزیزی لە ڕووداوی کاردا گیانیان لەدەست دا.

حەوتووی ڕابردوو لە شاری جوانڕۆ، سێ کرێکار بە هۆی چاڵ هەڵکەندنی ناستاندارد بوونە قوربانی.

لە ماوەی پێنچ ڕۆژدا چوار کرێکاری کورد لە شارەکانی کوردستان بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە.