کرێکارێکی کورد پاش چوار ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا

22:13 - 6 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کورد خەڵکی شاری سنە پاش ئاگر تێبەردانی ماڵەکەی لە لایەن مەئموورانی شارەداریەوە، که ٧٠ لەسەدی جەستەی تووشی سووتاوی هاتبووە، لە نەخۆشخانەی تەورێز گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، موسلێح حوسێنی، کرێکاری خەڵکی شاری سنە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی خەرمانان بە هۆی ئاگردانی ماڵەکەیەوە لە لایەن مەئموورانی شارەدایەوە، ٧٠ لە سەدی جەستەی تووشی سووتاویی ببوو، پاش چوار ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە شاری تەورێز گیانی لە دەست دا.

سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی خەرمانان، مەئموورانی شاردەداری، ماڵی کرێکارێکی کوردیان لە شاری سنە لە کاتی دروستکردنیدا ئاگر دا.

شایەتحاڵەکانی ئەو ڕووداوە بە هەواڵنێری کوردپایان لە شاری سنە ڕاگەیاند: سێ کەس لە مەئموورانی شارەداریی شاری سنە، پاش ڕشتنی بەنزین بە سەر خانووی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هەوڵی ئاگردانی ئەو خانوویانە داوە و لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵاتوون.

ئەو ڕووداوە لە گۆڕەپانی \"نەبووەت\"، شەقامی \"لالە\"، کۆڵانی \"بابایی\" ڕووی داوە.