کرێکارێکی کورد لە کاتی کارکردن لاقی شکا

16:19 - 19 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە کرێکارانی شیرکەتی \"مووزایکسازی مورادی\" لە کاتی کارکردندا، تووشی ڕووداوی کار هات و بەسەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کرێکارێکی کورد، خەڵکی شاری سنە لە کاتی کارکردنی لە شیرکەتی مووزایکسازی مواردی، بە هۆی ڕووداوی کارەوە لاقێکی شکا.

شوناسی ئەو کرێکارە کوردە بە ناوی \"مەحموود بەرزەنجە\" راگەیەندراوە.
ئەو کرێکارە کوردە لە کاتی کارکردن لەو شیرکەتە لاقی دەشکێت و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە کراوە.

شیرکەتی مووزایکسازی موردای، سەرجەم ٢٨ کرێکاری هەیە و هیچکام لە کرێکارەکانی بیمەیان نییە و لە شارەکی ژمارەی یەکی شاری سنە هەڵکەوتووە.

دەوترێ، کرێکارانی ئەو شیرکەتە ١ شیفت ١٣ ساعەت کار دەکەن.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی هەینی ٨ی پووشپەڕ، کرێکارێکی کورد، بە ناوی \"وەحید مەولوودی\" کە لە کارگەی کارتونسازیی زاگرۆس خەریکی کار بووە، تووشی ڕووداوی کار هات.

ئەو کرێکارە کوردە، لە کاتی کارکردن، دەکەوێتە ژێر دەزگای غەڵتەکەکە و بەو هۆیەوە ناوبراو گیانی لە دەست دەدات.