کرێکارێکی کورد لە شاری سنە گیانی لەدەست دا

21:00 - 26 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کورد، خەڵکی شاری سنە بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦ی بەفرانبار، کرێکارێکی بیناسازی بە ناوی \"عەتائوڵڵا کاتوورانی\" تەمەن ٥٧ ساڵ لە شارۆچکەی کشاوەرزی شاری سنە، بە هۆی بەربوونەوە لە شوێنی کارەکەی گیانی لەدەست دا.

بە وتەی شایەتحاڵەکان، ئەو کرێکارە کوردە، دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە و تەرمی ناوبراو بۆ ساردخانەی پزیشکیی یاساییی شاری سنە گواسترایەوە.

بە وتەی چالاکانی کرێکاری، نەبوونی ئیمەنی کار، نەبوونی کەلوپەلی ستاندارد، ئەستەم بوونی کار و ماندوو بوونی کرێکاران لە هۆکارە سەرەکییەکانی قوربانی بوونی کرێکاران لە کاتی کارکردنە و بە هۆی بیمە نەبوونی ئەو کرێکارانە، بنەماڵەکانیان لەگەڵ کێشەی جیدی بەرەوڕوو دەبنەوە.

ڕەچاونەکردنی ڕێوشوێنەکانی ئیمەنی کار، بەردەوام لە ساڵانی ڕابردوودا لە کوردستان و ئێران، قوربانی بە دوای خۆیدا هێناوە و هەتا ئێستەش بەدواداچوون بۆ بنبڕکردن یان کەم کردنەوەی ئەم حاڵەتانە نەکراوە.