کرێکارێکی کورد لە شاری تاران دەسبەسەر کرا

13:18 - 18 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کورد خەڵکی گوندی \"تەنگیسەر\" سەر بە شاری سنە، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی شاری تاران، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری تاران ماوەی ١٣ ڕۆژە کرێکارێکی کوردی خەڵکی گوندی \"تەنگیسەر\"یان دەستبەسەر کردووە و بۆ ئازاد کردنی، داوای بڕی ٧٠ میلیۆن تمەن وەسیقە دەکەن.

شوناسی ئەو کرێکارە کوردە بە \"شوان لوتفی\" (شاهین) کوڕی شوکروڵڵا، ڕاگەیەندراوە کە هەنووکە لە شاری تاران نیشتەجێیە و سەرقاڵی پیشەی قەنادییە.

\"\"
ئاکۆ یاری
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری جوانڕۆ هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوی \"ئاکۆ یاری\" دەسبەسەر و ڕەوانەی ئیتلاعاتی سپای نەبی ئەکرەم لە شاری کرماشان کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەتا ئێستا چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە نادیارە؛ ناوبراو پێشتریش بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" دەستبەسەر کرابوو.

لە ماوەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کورد لە کوردستان و شارەکانی ئێران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر کران کە چارەنووسیان هەتا ئێستا ناڕوونە.

بە هۆی کەشوهەوای ئەمنییەتی و میلیتاریزە کردنی کوردستان و نەبوونی ڕاگەیاندنی ئازاد بۆ ڕووماڵی هەواڵەکان، هەتا ئێستە ئامارێکی ورد و دروست لە دەسبەسەرکراوانی ناڕازی لە بەردەستدا نییە.