کرێکارێکی کورد لە تاران گیانی لەدەست دا

14:54 - 17 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: نەبوونی هەلی کار و نەبوونی سەرمایەگوزاریی دەوڵەتی، بوونەتە هۆی ئەوەیکە ساڵانە بە هەزاران کەس لە خەڵکی کوردستان بۆ ناوچە پیشەسازییەکان، بە تایبەت شاری تاران کۆچ بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە یەکێک لە بینا نێوەچڵەکان لە شاری تاران کرێکارێکی کورد بە ناوی ئەمین خۆردستان کوڕی واحید، خەڵکی شاری سەوڵاوا لە کاتی ڕاکێشانی تەلی کارەبادا، تووشی ڕووداوی کار دەبێت.

ئەو لاوە تەمەن ٢٣ ساڵە ڕۆژی ڕابردوو، پێنجشەممە ١٥ی جۆزەردان، لە ڕووداوی کاردا، دەستبەجێ گیانی لەدەست دەدات.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەوڵاوا ڕایگەیاند: \"ئەمین خەڵکی گوندی \"دەل\"، کە بۆ بژیوی ژیانی چووبووە شاری تاران، کارەبا دەیگرێت و گیانی لەدەست دەدات.

تەرمی ئەو لاوە کرێکارە کوردە، دووشەممە پاش جێبەجێ کردنی کاروباری یاسایی، بۆ ئەسپەردەکردنی، ڕەوانەی شوێنی لەدایکبوونی دەکرێت.

لە ساڵی ڕابردوودا، هەزار و ٤٩٤ کەس لە ڕووداوی کاردا گیانیان لەدەست داوە کە مەرگی٢٤٧ کەسیان بە هۆی ڕووداوی لێدانی تەزووی کارەباوە بووە.